مەسرور بارزانى: بەرپرسانی عێراق بەشێوەیەکی ناڕەوا مووچەیان ڕاگرتووە

2 مانگ لەمەوپێش
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان گوتی: بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە.
سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە.
وتیشى: ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆی بووەستێت کە بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بە پشتیوانی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرانبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.
مەسرور بارزانی گوتی: لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە بەردەوام دەبین، هیوادارین لە کاتێکی زوودا، بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.
