کۆمیسیۆن: پێویستمان بە 20 هەزار کارمەندی دیکەیە بۆ سەر سندوقنی دەنگدان

2 ڕۆژ لەمەوپێش
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق راگەیاند و زیاتر لە 230 هەزار کەسیش داواکارییان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان پێشکێش کردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتیی گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت هەزار بنکە.
چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەپێی ڕەزامەندی دادوەر عامر حوسێنی، بەرپرسی فەرمانگەی هەڵبژاردن، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان گەیشتووەتە 42819 وێستگە، کە بەسەر هەشت هەزار 788 بنکەی دەنگداندا دابەش کراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، کۆمیسیۆن پێویستی بە نزیکەی 250 هەزار کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان هەیە، کە تا ئێستا ژمارەی ئەو کارمەندانەی فۆڕمیان پێشکەش کردووە، 231 هەزار و 16 کەسە، ڕوونیشی کردەوە، تاوەکوو 9-7-2025، دەرگای پێشکەش کردن کراوە دەبێت کە پێویستیان بە نزیکەی 20 هەزار کارمەندی دیکە دەبێت.
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، بۆ رۆژی هەڵبژاردن کۆمیسیۆن پێویستی بە 250 هەزار کارمەندە، تاوەکو ئێستا 231 هەزار و 16 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە، پێشکێشکردنی داواکاری تاوەکو 9ی مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت.
بوونە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان) دەگرێتەوە، بە مەرجێک لانیکەم بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت
مەرجەکانی دیکە:
- هەبوونی کارتی دەنگدانی درێژمەودا.
- پێشکێشکار دانیشتووی هەمان ئەو پارێزگایە بێت کە داواکاری تێدا پێشکێش دەکات و پێشکێشکردنەکە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافی دەبێت.
- نابێت لە رابردوودا لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هیچ سزایەک درابێت.
- نابێت خزمی نزیکی هیچ کام لە بەربژێرانی هەمان پارێزگا بێت.
- پێویستە بەڵێننامەیەکی دەستنووس پڕبکاتەوە کە تێیدا دووپاتی دەکاتەوە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە، تاوانبار نەکراوە، ئەندامی هێزە ئەمنییەکان نییە، سەربەخۆیە و پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان دەبێت.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.
