وتەبێژى دەم پارتی: ئۆجەلان دەیەوێت سەرکردە کوردەکان ببینێت

دوێنێ
گوتەبێژی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت، عەبدوڵلا ئۆجەلان داوای کردووە لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکانى کورد وەک مەزڵوم عەبدى و بارزانی کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-06-2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و دیداریان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، کرد.
گوتەبێژی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای بینینی هەر یەکە لە مەزڵووم عەبدی و مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کردووە.
وتەبێژی دەم پارتی گوتی: "ئامادەکاری دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی ئیمرالی بکەین و لەگەڵ بەرێز ئۆجەلان باس لە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی بکەین."
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەم پارتی رایگەیاند: پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند، داوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو سەرکردانەی کورد، "داواکاریی خودی ئۆجەلانە."
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، دەبێت ئەم دیدارانە دەستبەجێ ئەنجام بدرێن و سوودی لێ وەربگیرێت.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
