پژاك: خەڵکی کوردستان خۆیان لە شێوەی ڕێکخراوی جەماوەریدا ڕێکبخەن

11 كاتژمێر لەمەوپێش
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت ئەم شەڕە شەڕی دەسەڵات و ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانە نەک شەڕی ڕزگارییخوازی بۆ کۆمەڵگە و گەلان.
لەڕاگەیەندراوێکیدا لەسەر شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران، پژاک ئەوە دەخاتە ڕوو ئێمە داوای هاوکاری هەموو هێز و پارت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین بە سەرکردایەتی ژنانی ئێران بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەم ڕووەشەوە ئامادەیی خۆمان بۆ ئەم دەستپێکردنە ڕادەگەیەنین.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پژاک بەمشێوەیەیە:
“وتارێک بۆ ڕای گشتیی
لە دوێنێوە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئیسرائیل هێرشی قورسی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمی، سەربازی و فەرماندەییەکانی ئێران دەستپێکردووە، بەتایبەتی بۆ سەر ناوەند و کەسایەتییەکانی سەر بە سوپای پاسداران. هێرشە پێچەوانەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاستێکدا نییە بتوانێت ڕۆڵی بەربەست لە بەرامبەر گورزە کوشندەکانی ئیسرائیلدا بێت. ئەم شەڕە کۆتا گورزی سیستەمی دەسەڵاتی جیهانییە دژی دەسەڵاتی ئێران و بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی بەتەواوی مەترسی و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕژێمەکە کۆتایی پێدێت. بێ گومان ئەمە پرۆسەیەکی کورتخایەن نییە و بەشی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، کە دەرئەنجامی سیاسەتەکانی سێدارە، سەرکوتکردن، هەڵاواردن، گەندەڵی و ڕووتاندنەوە، بێهیوایی و ڕق و کینەی کۆمەڵگە و خەڵکی ئێرانە بۆ ئەو سیستەمە کە ئەوانی ناچار بە دژایەتیکردنێکی تەواو ڕادیکاڵ و ڕەتکردنەوەی ڕژێمەکە کردووە.
دەربڕینی خۆشحاڵی گەلی ئێران بۆ لاوازبوونی ئەو جۆرە دەسەڵاتە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی ئێرانی هەموو هیواکانیان لەسەر ئەنجامی شەڕێکی لەو شێوەیە هەڵچنیوە. ئەم شەڕە شەڕی دەسەڵات و ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانە نەک شەڕی ڕزگارییخوازی بۆ کۆمەڵگە و گەلان. ئەم جەنگە ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی هێزەکانە نەک شەڕی ئازادی کۆمەڵگە و نەتەوەکان. ئەم جەنگە لە ئەنجامی سیاسەتی شەڕانگێزی و فراوانخوازانەی کۆماری ئیسلامی سەریهەڵدا، بەبێ گوێدانە ئازارەکانی گەلی ئێران.
باجی شەڕخوازی فەرمانڕەواکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە لە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییدا تێوەگلاون، ژمارەی زۆری قوربانییانی مەدەنی بەتایبەتی ژن و منداڵ لە ئێران و ئیسرائیل لەو هێرشانەدا ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ژیانی خەڵک لە ڕوانگەی حکومەتەوە بایەخ پێنادرێت. گەلان و کۆمەڵگەکانی ئێران ناچار نین لە نێوان دوو بژاردەی شەڕ و قبوڵکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای دژایەتی سەپاندنی شەڕ بەسەر گەلی ئێراندا، جەخت لەسەر تێکۆشانی دیموکراتیکی ئەو گەلانە دەکاتەوە. ئەوەی ئازادی دەخاتە ئاسۆی داهاتووی گەلی ئێرانەوە، تێکۆشانی دیموکراتیک و شۆڕشی ناوازەی ژن، ژیان، ئازادییە.
بێگومان بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی دیموکراسی گەلەکەمان یەکگرتن و هاوکاری سەرجەم تاکەکانی ئازادیخواز و هێزە دیموکراتییەکان و تێکۆشەرانی گەلان و ژنان و ناسنامەکان پێویستە. زۆر گرنگە هاوکاری حزبە کوردییەکان و گواستنەوە لە چەمکی حوکمڕانی حزبییەوە بۆ بەڕێوەبردنی جەماوەری کوردستان، بەئەرکێکی مێژوویی دەزانین لەم قۆناغە هەستیار و یەکلاکەرەوەیەدا، ئێمە داوای هاوکاری هەموو هێز و پارت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین بە سەرکردایەتی ژنانی ئێران بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەم ڕووەشەوە ئامادەیی خۆمان بۆ ئەم دەستپێکردنە ڕادەگەیەنین. ئێمە پێمانوایە گواستنەوە بۆ کۆماری دیموکراتی ئێران لە ئەنجامی گۆڕانی تێڕوانین و دوورکەوتنەوە لە دەسەڵاتخوازی و ناسیۆنالیزم و پیاوسالاریی و مەرکەزیەت دەگونجێت و تاکە بژاردەیە بۆ ئایندەیەکی سەقامگیر و دیموکراسی بۆ وڵاتی ئێران.
هەروەها ڕایدەگەیەنین کە بەرگریکردن لە گەلەکەمان و گەلانی دیکەی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە سەرکوتکردن و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوادا بەرگری لە ماف و بوونی خۆمان دەکەین داوا لە سەرجەم خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان دەکەین کە خۆیان لە شێوەی ڕێکخراوی جەماوەری دیموکراتیدا ڕێکبخەن و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی جەنگ لەسەر یەکتر کەم بکەنەوە و هاوپشتی تەواویان هەبێت پێکهێنانی گرووپی پشتیوانی بۆ قوربانییانی جەنگ، کۆمیتەی خۆجێی بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان، کۆمیتەی هاوکاری دارایی و هەروەها بە دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی خۆجێی و دوورخستنەوەی بەکرێگیراوانی دەوڵەت لە کاریگەری لەسەر خەڵک دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی خۆبەڕێوەبردن و دیموکراسی. لەم ڕووەشەوە داوا لە سەرجەم وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان و ئەندامانی پارتەکەمان دەکەین هاوکاری بکەن.
