کونسوڵی ئێران لەسلێمانی: دەروازەکان کراوەن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران بەشێوەیەکى بەردەوام و 24 کاتژمێری کراوەن و هیچ کێشەیەک دروست نەبووەـ ئەمەش بەپێى وتى کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، محەممەد مەحموودیان، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و کاردانەوەکان لەسەر جەنگەکە قسەی کرد.
کونسوڵی ئێران لە سلێمانی وتى: دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بوەستن، ئێمەش هێرشەکانمان رادەگرین." لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش جەختى کردەوە خۆشبەختانە هەر لە دەستپێکی شەڕەکەدا سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند.
محەممەد مەحموودیان باسی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کرد و وتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکۆنەکردنی ئەم جەنگە هەڵوێستی خۆیان راگەیاند.
کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و گوتی، "کراوەن و هیچ کێشەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست نەبووە."
رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "شێری راپەڕیو" راگەیاند و هێرشی کردە سەر بنکەی ئەتۆمی و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران.
لە بەرامبەردا، ئێران ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ـی راگەیاند و بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
