كردنەوەی فرۆكەخانەی قامیشلۆ لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە ڕاگەیەندرا

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیدارەی خۆسەر لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، دامەزراندنی ئیدارەیەکی گشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ راگەیاند، دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی سوریاش بڕیارەكە رەتدەكاتەوە.
كردنەوەی فرۆكەخانەی قامیلشۆی راگەیاند پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (١٣٦) کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکردنەوە دەرچووە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئیدارەی گشتی نوێ، لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە سەربە ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەر دەبێت وهەموو بابەتە کارگێڕی و داراییەکان و کارمەندان بەپێی رێساکان یەکلایی دەکرێنەوە.
بڕیارەکەش لە بەرواری دەرچوونی لە (٩)ی حوزەیرانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر جێبەجێکردنی بکەن.
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی شارستانی سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە ئێستادا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ داخراوه، ئەم داخستنەش بەركارو پابەندکەرە بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان.
ئاماژەی بەوەشكردووە: دەستەكەیان تاکە دەزگایە کە لەڕووی یاسایی رێگەپێدراوە بە بەڕێوەبردن و كارپێكردنی فڕۆکەخانەکانی کۆماری عەرەبی سوریاو، رێکخستنی هاتوچۆی ئاسمانی لەناو ئاسمانی سوریادا هەیە.
جەختیشدەكات لەوەی، فرۆكەخانەی قامیشلۆ داخراوەو بڕیاری کارکردن یان به کارهێنانی تەنیا لەلایەن دەستەكەوە دەردەچێت، هەر هەوڵێکيش بۆ بەکارهێنانی بەبێ هەماهەنگی و رەزامەندی فەرمی، پێشێلکردنی روونی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رێكخستنی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی ئاسمانییە.
