چوار سەرۆکایەتییەکە: ناردنی مووچە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق باسی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە.
بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حکومەتی فیدراڵی ئەو رێکارانەی خستەڕوو کە بۆ گرەنتیکردنی خەرجکردنی مووچە بە شێوەیەکی رێکخراو و گونجاو لەگەڵ بڕگەکانی دەستوور گیراونەتەبەر.
لەبارەی پرسی مووچە، چوار سەرۆکایەتییەکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات؛ بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و کێشەکانی دیکەش بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، تاوەکو حکومەتی عێراق بتوانێت بەردەوام بێت لە ناردنی مووچە و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی دیکە بەگوێرەى دەستوور و یاسا.
سەرۆکایەتییەکانی عێراق سەرەکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانیان کرد و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناویانبردووە و داوای دەستبەجێ راگرتنی جەنگ دەکەن و نیگەرانن لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
چوار سەرۆکایەتییەکە گفتوگۆیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردووە، کە خواستەکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکان و جەختیان لە پێویستی پاڵپشتیکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە، لەگەڵ گرەنتیکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.
