ناوەڕۆکى کۆنگرەى ڕۆژنامەوانیی مەسرور بارزانى لەسەر مووچە

8 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەغدا لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی مووچە". باسی لەوەش کرد، "گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی عێراق و گشتیی ناوچەکەى کرد.
وتی: "دەمەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا بکەمەوە، کە ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە. ئەوەی لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەستەبەری هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین.
جەختى کردەوە هیوادارم لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لەم چەند ڕۆژەدا بگەیەن بە ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی (لەگەڵ حکوومەتی عێراق) و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەوەی ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچە دابین؟ مەسرور بارزانی گوتی، "سەخت دەبێت، چونکە لەم ماوەیە کە نەوت راگیراوە، وایکرد داهات بەشێوەیەکی گشتی کەم بێتەوە".
سەرۆکوەزیران باسی لەوەش کرد، "کەمبوونەوەی داهات، جووڵەی بازرگانی و کەرتی تایبەتیش بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە بێگومان سەخت دەبێت، بەڵام ئێمە بە هیچ جۆرێک واز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین".
مەسرور بارزانی زیاتر لەسەر ئەم پرسە قسەی کرد و گوتی، "بەغدا موڵکی تاکە لایەنێک نییە کە ئێمە بچین سواڵکەر بین و ئەوان خاوەن ماڵ بن، هەموومان لەم وڵاتە دەبێت یەکسان بین. خۆشمان بە خاوەن دەسەڵات دەزانین، هەموو هەوڵێکیش دەدەین بگەین بە رێککەوتن و هەموو مافەکان بە یەکسانی و دادپەروەرانە دابەش بکرێت".
بەشێکى دیکەى پەیامەکانى مەسرور بارزانى,,,
سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان ئەم قەیرانە بەرەو کۆتایی دەڕوات.
چاومان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە کێشەی مووچە چارەسەر بکات، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق قسەم کرد و ئامادەن لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ بکەن.
ژیان و مردنی ئێمە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەیەکەوەیە، شاندێکی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دێنە هەرێمی کوردستان.
بەلێنتان پێدەدەم نایەڵین مووچەکانتان بفەوتێت مانگى پێنج و شەشیش، سکاڵای هەندێک لایەنی ناوخۆ ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دەستێوەردانی دادگای فیدراڵی لە بابەتی مووچە .
بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین مافە دەستورییەكانمان كە لە دەستوری عێراقدا هاتووە كەمبكرێتەوە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین.
شاندێک بۆ چارەسەکردنی پرسی مووچە دێتە هەولێر، لە ئاستێکی باڵایە، هەژماری من لە سلێمانی بە خێرایی دەچێتەپێش.
ئەوەى لەبەردەستمانە دەیدەین بەمووچە بەس نازانم بەش دەکات یان نا، لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێککەوتووین بەڵام لەسەر پۆستەکان کێشەمان هەیە.

