وەزارەتى دارایی: لیستی مووچەی مانگی شەشمان ناردوە بۆ بەغدا

6 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتى دارایی وئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تیمی تەکنیکی لیستی مووچەی مانگی شەشى ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە.                    

لەڕاگەیەندراوێکیاندا، وەزارەتى دارایی دەڵێن: ڕۆژی چوارشەممە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥) لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.

ئەمەش لەکاتێکدایە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەغدا لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی مووچە". باسی لەوەش کرد، "گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی عێراق و گشتیی ناوچەکەى کرد. 

وتی: "دەمەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا بکەمەوە، کە ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە. ئەوەی لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەستەبەری هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین. 

جەختى کردەوە هیوادارم لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لەم چەند ڕۆژەدا بگەیەن بە ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی (لەگەڵ حکوومەتی عێراق) و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەوەی ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچە دابین؟ مەسرور بارزانی گوتی، "سەخت دەبێت، چونکە لەم ماوەیە کە نەوت راگیراوە، وایکرد داهات بەشێوەیەکی گشتی کەم بێتەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار