٥٠ کەسایەتى نێودەوڵەتى دەیانەوێت چاویان بە ئ.ۆج.ەلان بکەوێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
شاندێکی نێودەوڵەتى، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی کە بە بانگەوازی ٢٧ی شوبات عەبدوڵا ئۆجەلان دەستی پێکرد، دەچێتە ئیستەنبوڵ. شاندەکە بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و داواکاری فەرمی پێشکەش دەکات بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئاپۆ.
شاندەکە بە ڕۆژەڤی پرۆسەکە دەچێتە ئیستەنبوڵ، لەم شاندەدا کەسانی ئەکادیمی و سەندیکایی و ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەر و پەرلەمانتار و زانا و فێمێنیست و نووسەر و لێکۆڵەر و سەرۆک شارەوانییەکان لە نەمسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، کەتەلۆنیا، فەرەنسا، سویسرا و ژاپۆن، بەشدارن.
سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە ١ ی تەمموزەوە دەست پێ دەکات. شاندەکە سەرەتا سەردانی نووسینگەی یاسایی سەدە دەکات و لەگەڵ پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبێتەوە. پاشان لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان کۆدەبێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت لەم کۆبوونەوانەدا بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.
شاندەکە لە ٢ی تەمموز لە هیل ئوتێلی تەقسیم مێزگردێک ڕێکدەخات. چاوەڕێ دەکرێت لە مێزگردەکەدا هەموو بەشداربووان قسەبکەن و بۆچوون و پێشنیارەکانیان دەربارەی پرۆسەکە بخەنەڕوو. چاوەڕێ دەکرێت دواتر نەخشەڕێگایەک ەربارەی پرۆسەکە ڕابگەیەنرێت.
هەروەها شاندەکە لە چوارچێوەی کەمپەینی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدەم" داواکاری فەرمی پێشکەش دەکات بۆ سەردانکردنی ئیمراڵی.

