شاندێكی عێراق بۆ رێككەوتن ئەمڕۆ سەردانی هەرێم دەكەن

6 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسییەی داهاتی ناوخۆ، خەرجییەكانی هەرێم و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت، شاندێكی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەكەن و مەبەست لە هاتنی شاندەكەش ئەنجامدانی رێككەوتنە، ئەمەش بەپێى وتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، دەڵێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو رێككەوتنەی لە مانگی (2025/2) لەنێوان هەولێر و بەغداد، دۆسییەی داهاتی ناوخۆ، خەرجییەكانی هەرێم و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت، بڕیار وایە ئەمڕۆ پێنجشەممە (2025/6/26) شاندێكی هونەری حكومەتی عێراق سەردانی شاری هەولێر دەكەن.
وتیشی: شاندەكەی عێراق لە سبەینێوە كۆبونەوەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و بەوردی باس لە دۆسیەی داهاتی ناوخۆ، كە یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەرێم و عێراق دەكرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان شاندەکە لە وەزارەتى نەوتى عێراق، کۆمپانیاى سۆمۆ، دیوانى چاودێریی دارایی عێراق و نوێنەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوور پێکهاتوون.
فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەناو شاندەکەدان و پاش گەیشتنیان بە هەولێر بڕیارە کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکەن. شاندەکە بە رێنمایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
یەکێک لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکەشیان پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، بەشێوەیەک کە شاندەکە بڕیارى کۆتاییان لایە و دەتوانن رێککەوتن بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، شاندێکی باڵا لە عێراقەوە دێتە هەرێمی کوردستان کە بڕیاریان بەدەستە و ئومێد دەکەن، لەم دوو رۆژەدا پرسی مووچە چارەسەر بکەن.

