هەرێم لیستى مووچە دەنێرێت و بەغدا وردبینى بۆ ناکات

7 كاتژمێر لەمەوپێش
هەرچەندە مانگێک زیاترە لیستی مووچەی مانگی پێنج ڕادەستی بەغدا کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەغداوە وردبینی تێدا نەکراوە، هاوکات لیستی مووچەی مانگی شەشیش ڕەوانە کراوە، وەزارەتی دارایی کوردستانیش دەڵێت، وردبینی لە لیستی هەردوو مانگ دەکەوێتە دوای هاتنی شاندی دارایی عێراق بۆ هەولێر.
مانگی ڕابردوو کاتێک وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی پێنجیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، تەیف سامی بڕیارێکی بە نووسراوی فەرمی دەکرد کە چیتر مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئیتر بەهۆی بڕیارەکە وردبینی نەکرا.
مانگی پێنج مووچە نەدرا، بەڵام وەزارەتی دارایی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی ئامادەکرد، ڕۆژی چوارشەممە 2025-06-25، تیمێکی تەکنیکی لیستەکەیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام بەهەمانشێوەی مانگی ڕابردوو، لیستەکەیان لێ وەرگرتوون و وتوویانە جارێ دەست بە وردبینی ناکەن، تیمە تەکنیکییەکەی کوردستانیش گەڕاونەتەوە هەولێر.
بەوتەى سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش دەکەوێتە دوای سەردانی شاندەکەی عێراق و ڕێککەوتن لەو بارەیەوە.
دواین جار، 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە.
لە سەرەتای ساڵ، ڕێککەوتن لەسەر ناردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، بەڵام بەغدا ماوەی دوو مانگە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچە ڕەوانە نەکردووە.

