پەرلەمانتارێکى پارتی: بە ئەگەری زۆرەوە هەولێر و بەغداد رێکدەکەون

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەنە رێککەوتن.

بە گوتەی شوان کەلاری، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی شاندی تەکنیکیی هەردوو حکومەتدا، لێکتێگەیشتنی باش هەبووە و هەردوولا ئامانجیان ئەوەیە بگەنە رێککەوتنێک.

گوتیشی، شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی تاوتوێ دەکەن.

هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان بگەنە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە.

دەشڵێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەر بکرێت راستەوخۆ کێشەی مووچەش چارەسەر دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو رێککەوتن دەکرێت و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەکی حکومی ئاگادار لە وردەکاری گفتوگۆكانی نێوان شاندەكەی بەغداد كە سەردانی هەولێری كردووە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، ئاشكرایكردووە: له چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن به لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و رەوانەكردنی موچه، شاندێكی تەكنیكی، كە نوێنەری وەزارەتەكانی نەوت و دارایی عێراقی لەخۆگرتووە، لەگەڵ نوسینگەی سەرۆك وەزیران، گفتوگۆیەكی ئەرێنیان لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەنجامداوەو، بڕیارە سبەینێ‌ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیا نەوتییە بیانیەكان بكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار