هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە، چاوەڕێ دەکرێت ئـ.ـۆجـ.ـەلان پەیامى نوێى هەبێت

8 كاتژمێر لەمەوپێش



بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەلایەک ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەژێر چەتری پەرلەماندا لەپێناو چارەسەری پرسی کورد، لەلایەکی تریشەوە، چاوەڕوان دەکرێت پەکەکە هەنگاوی کرداریی بنێت پەیوەست بە چەکدانان.

بەگوێرەی هەواڵەکە، چاوەڕێ دەکرێت کەعەبدوڵا ئۆجەلان ڕاستەوخۆ بانگەواز لە هێزەکانی گەریلا بکات. لە چوارچێوەی ئەم بانگەوازەدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەک دادەنێن و چاوەڕێ دەکرێت لەنێویاندا بەڕێوەبەری پلەباڵاش هەبن.

سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش هەفتەی ڕابردوو دەربارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. چاوەڕێ دەکرێت کە هەموو پارتەکان ئەم هەفتەیە پێشنیارە نووسراوەکانیان پێشکەش بکەن. ئامانجی "کۆمیسیۆنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکبوون" ئەوەیە کە ئەم بناغەی یاسایی بۆ پرۆسەی "چەکدانان" دابمەزرێنێت و هەمیش هەنگاوی دیموکراتیکبوون بنێت.

پلان وایە، بۆ نیشاندانی نیازپاکی، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان مەراسیمی چەکدانان ئەنجام بدەن، ئەم مەراسیمە لە بەرچاوی ڕای گشتی و بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت. دووپاتکرایەوە کە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگهێشت بکرێن بۆ مەراسیمەکە. هەروەها لە مەراسیمەکەدا پەیامی "ئێمە ئامادەین بۆ  بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک" دەدرێت.

قۆناغێکی تری یەکلاکەرەوەی پرۆسەکە، کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییە لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم ڕۆژانەدا بەڕێوەبچێت. لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی هەنوکەیی و ئایندەی پرۆسەکە تاوتوێ دەکرێت.

بناغەی پرۆسەکە پشت دەبەستێت بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندرا و پێشنیاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی پەکەکە. پەکەکە لەسەر بناغەی ئەم بانگەوازە لە مانگی ئایار کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان بە هەموو کار و خەباتێک لەژێر ناوی پەکەکەدا و چەکدانان. لەبەرئەوەی حکومەت هەنگاوی ڕوونی نەهاویشت، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە.

دەم پارتی دەستنیشانی کرد، دەبێت کۆمیسیۆنەکە لەسەر بناغەی ڕێککەوتنی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی کاربکات، جەختی کردبووەوە کە پرۆسەکە بە پێشەنگایەتی بەڕێوەدەبرێت. جەهەپە هەڵوێستێکی ئەرێنی سەبارەت بە پرۆسەکە نیشانداوە. پشتگیری ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە پەرلەمان بەڕێوەببرێت، بە هەنگاوێکی ئومێدبەخش شرۆڤە دەکرێت.

لە ڕۆژانی ئایندەدا، بە بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوە کردەییەکانی پەکەکە، پێدەچێت پرۆسەکە ببرێتە قۆناغێکی نوێوە. وەڵامی ئەم هەنگاوەش گرێدراوە بە هەنگاوی ڕوونی یاسایی و سیاسیی حکومەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار