ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیران

10 كاتژمێر لەمەوپێش
حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت هەر پابەندییەک لەسەر ئێمە بووە بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، هەموو نەرمییەکمان نواندووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێی سۆمۆوە.
هاوکات ئەوەش دەخەنەڕو ئێمە و کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەیی هاوکاریمان لەگەڵ عێراق پیشانداوە، هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن، بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت هیچ بیانوویەک لە بەردەم دارایی فیدڕاڵ نامێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى خستوەتەڕوو.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، کە هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.
کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون و حكومەتی هەرێم، بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە مووچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری مووچەخۆرانی هەرێمە و بە هەموو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن.
پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین ئامار و زانیاریی و ڕاسپاردە و پێشنیاری لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی برەودان بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و چالاککردن و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی هاوبەشی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا لە داهاتوودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبن، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە مووچەی خانەنشینی و شایستەکانی دیکە و ئەو ئاسانکاریی و خزمەتگوزارییانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هاتوون.
ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، گفتۆگۆی لەبارەی پێشنیار و ڕاسپاردەکان كرد و بڕیاردرا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زياتريان بۆ بکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

