پەکەکە: تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە و گۆشەگیریی ئۆجالان بەردەوامە

10 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی کۆنسەی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن ''ئەمەش واتە؛ چینێک لە نێو دەوڵەت (تورکیا) هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە (پرۆسەی چارەسەری) دروست بکەن''.
مستەفا قەرەسوو راگەیاند گرووپێک لە دڵی دەوڵەتی تورکیا هەوڵی تێکدانی پڕۆسەی چارەسەری دەدات، جگە لەوەی حکومەتی تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە، بەردەوامە لە هێرشە سەربازییەکانی، دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی باشتر نەکراوە.
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، وێڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری داوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
هەروەها جەختی کردەوە، گۆشەگیریی ئۆجالان وادەکات پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەبچێت، بەڵام پەکەکە دەیەوێت پڕۆسەکە بەردەوامبێت و بەخێرایی گەشە بکات.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.
قەرەسوو گوتی، گەریلاکانی پەکەکە ''مافی خۆیانە'' لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بەرگری لەخۆیان بکەن، گوتیشی: ''ئەو هێرشانە واتە؛ چینێک لە نێو دەوڵەت (تورکیا) هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن''.
ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە رایگەیاند: ''ئێمە ئەوەی پێویست بوو کردمان. کۆنگرەمان بەست، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریمان دا. ئێستا دەبێت حکومەت هەنگاو بنێت''.
قەرەسوو پێیوایە، ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربکەوێت، ''دەبێت هزر، سیاسەت و هەڵوێستەکانی بگۆڕێت. پێویستە هەڵوێست و تێگەیشتنی نوێی هەبێت''.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
