دەم پارتی: ئومێد دەكەین پەیامە نوێیەکەى ئۆجەلان ڤیدیۆیی بێت

10 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم پارتی)، سەبارەت بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی حێبەجێكاری ناوەندیی پارتەکەی، بە میدياكانی توركیای راگەیاند: دەچینە قۆناغێکی نوێوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی سەبارەت بەم قۆناغە دەستمان کەوتووە، هەفتەی داهاتوو ساتەوەختێكی مێژوویی دەبین بە کۆمەڵێک هەنگاوەوە.

وتیشی: پێشبینی دەکەین بەڕێز ئۆجەلان لێدوانێک سەبارەت بە کۆبونەوەکە بدات، کە پرۆسەکە لە ماوەی چەند رۆژێكی كەمدا دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ،  ئێمە وەک دەم پارتی پێمان وایە ئەم لێدوانە زۆر کاریگەر دەبێت ئەگەر لە رێگەی ڤیدیۆوە پێشکەش بێت، جەختیشكرد لەوەی، هیچ زانیارییەکیان نییە کە ئایا لە رێگەی ڤیدیۆوە دەبێت یان نا، بەڵام هیوادەخوازن وابێت.

تەواوى قسەکانى ئایشەگوڵ دۆغان..

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی سەبارەت بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی (مەیەکە) لە ناوەندی گشتی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بۆ ئەو پرسانە کرد کە لە (مەیەکە)دا باسیان لێوە کراوە و ڕایگەیاند کە لە پرسی دیموکراتیکبوون و ئاشتی تورکیا باسیان لەسەر کردووە و وتی: "لەبەر ئەوەی تورکیا بەبێ ئاشتی دیموکراتیزە ناکرێت."

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆمیسیۆنی داهاتوو کرا کە لە پەرلەمان بڕیارە دابمەزرێت و وتی: "دەتوانین بڵێین ئیتر نزتکە بچینە قۆناغێکی نوێیەوە، دەتوانین باسی چەند هەنگاوێکی ئەم قۆناغە نوێیە بکەین، یەکێک لەوانە کۆمیسیۆنی داهاتووە کە لە پەرلەمان دادەمەزرێت، ئەم قۆناغە قۆناغێکی گرنگە، چاوەڕوانی و داواکارییەکی گشتییە، هاوکات لە پەرلەمانیش کۆدەنگی هەیە. پێویستە ئەم هەنگاوە بەهێزتر بکرێت. لە ڕووی کۆدەنگی کۆمەڵایەتی یان ڕەوابوونی کۆمەڵایەتیەوە زۆر گرنگە. بۆیە دەمانەوێت کۆمیسیۆنەکە بەشێوەیەکی ڕێکخستنی یاسایی دابمەزرێت. بەو شێوە کارەکانی کاریگەرتر و ئەنجامەکانی هەمیشەیی دەبن."

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، وەک پارتی باس لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن و دەیانەوێت خۆیان بگەیەنە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا، لە هەر کاتێکدا پێویستی کرد دەبێ بتوانین ڕاپۆرت و بەڵگە لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ وەربگرین، هەروەها دەبێت میکانیزمێک دابنرێت کە لایەنە کۆمەڵایەتیەکان لە کاتی بڕیارداندا بتوانن بەشدار بن.

هەروەها ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە یەکێک لە ڕێکارە سەرەکییەکانی پارتەکەیان، فرەچەشنیە و وتی: "بۆیە دەبێت هەنگاوە کۆمەڵایەتییەکەی بەهێز بێت و ئەو میکانیزمەی لەناو کۆمەڵگادا دادەمەزرێت کۆمیسیۆن قبووڵیە و بۆچوون و پێشنیارەکان بۆ کۆمیسیۆن گرنگ دەبن. هەروەها لەسەر ئەو پارتیانەی کە فراکسیونیان لە پەرلەماندا نییە، دەبێ چی بکەن و چۆن بەشداری بکەن باس کراوە، چونکە پێشنیارەکانیان بۆ کۆمیسیون زۆر گرنگە.

ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێیەوە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە ئێمەدا ڕاگەیەندراوە، هەفتەی داهاتوو چەند هەنگاوێکی مێژوویی دەست پێدەکا و پێکەوە شایەتی دەبین. هەروەها لەسەر شوێنەکە قسەی زۆر دەگوترێ. ئێمە دەرفەتی ئەوەمان نییە کە ئەوانە پشتڕاست بکەینەوە. کاتێک کە لایەنەکان بەیاننامەیان ڕاگەیاند هەموو شت ڕوون دەبێتەوە. هەنگاوێکی مێژوویی پلان بۆ داڕێژراوە کە لە هەرێمی فیدراڵی کوردستان بەڕێوە دەچێت. هەروەها ئەم هەنگاوە بەگوێرەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکەیە.

هەروەها یەکێک لە ئەکتەرە گرنگەکانی پرۆسەکە دەم پارتیە. بۆیە ئێمەش ئامادەکاریمان هەیە. هەرچەندە لەبەردەستی ئێمەدا زانیاری سنوورداریش بێت، تەنانەت ئیمە یەکسەر موخاتەب نەبین، بەڵام پێکەوە شایەتی پێشهاتێکی مێژوویی دەبین بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە نە تەنها شایەت بوونێکە، بەڵکو بەرپرسیارێتیکی مەزنە. دەبێت هەر کەس بەپێی قۆناغەکە خۆی بەر پرسیار ببینێت. ئێمە بەرەو قۆناغێک دەڕۆین کە بەرپرسیارێتی زیاترمان پێدەبەخشێ و پێویست بە هەنگاوی جددیتر و بەهێز هەیە. بۆیە دەڵێین پێویستە بە زووترین کات کۆمیسیۆن دابمەزرێت و پێش ئەوەی کۆمیتەی گشتی و پەرلەمان پشوو بدات، بەپەلە دەست بە کارەکانی بکات.

وەڵامی ئەمە تەنیا بە ڕێبازی سیاسی و یاسایی دەبێت. پێویستە هەموو لایەک بە بەرپرسیاریەتی زیاترەوە کار بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکەن.

پاشان ئایشەگوڵ دۆغان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیاری "ئایا پێش چەک دانان پەیامێک لە ئۆجالانەوە ڕادەگەیەنرێت؟ هەروەها لە کوێ چەک دادەنرێت؟، وتی: "چاوەڕێ دەکەین هەفتەی داهاتوو بە پێی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان کە لە ٢٧ی شوبات ڕاگەیەندرا و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی کۆنگرەی پەکەکە، هەنگاوێکی مێژوویی بنرێت. ناتوانم وادەیەکی دیاریکراو بدەم، چونکە لە دەستپێشخەریی ئێمەدا نییە. لایەنەکان بۆ خۆیان دەبێ ئەوە ڕوون بکەنەوە."

ئایشەگوڵ دۆغان ئەوەشی ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستیاندایە، ئەم هەنگاوە لە هەرێمی فیدراڵی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بەڵام هێشتا لە کام شار بێت ڕوون نییە. عایشەگوڵ دۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی هەردوولا، پاراستنی ئاگربەستی هەمیشەییە، بۆ ئەوەی شەڕ بەتەواوەتی کۆتایی پێ بهێنرێت و چەک بەکار نەهێنرێت. هەروەها چاوەڕێ دەکەین بەڕێز ئۆجالان لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا لەسەر ئەو بابەتە بەیاننامەیەک ڕابگەیەنێت."

ئایشەگوڵ دۆغان سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە "سەبارەت بە چەک دانانەکە مەراسیم بەرێوە دەچێت دیمەن و وێنەی بڵاودەکرێنەوە"، ڕایگەیاند: "هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو بابەتە نییە و سەرچاوەکانی ئێمە ئەو جۆرە زانیاریانەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە. سەبارەت بە پرسیاری "ئایا پەیامەکە بە دیمەن دەبێت یان نا"، عایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، هەروەها هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو بابەتە نییە، بەڵام داوا دەکەن پەیامەکە بە دیمەن بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار