تورکیا: دەبێت توركمان لە كەركوك نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان هەبێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی وەزارەتی درەوەی توركیا لە بارەی خۆپیشاندانەكانی پردێوە، ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و دەشڵێت، دەبێت توركمان لە كەركوك نوێنەرایەتی راستەقینەیان هەبێت.
ماوەى دوو هەفتەیە هاوڵاتییانی پێکهاتەی تورکمان لە شارەدێی پردێ، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەهۆی گۆڕینى بەڕێوەبەرى شارەوانى کە پۆستەکە لە کەسێکى کوردەوە دراوەتەوە بە کوردێکى دیکە، بەڵام تورکمانەکان داواى پۆستى زیاتر لە شارەدێکە دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ناحیەی پردێ خستەڕوو.
کەچەلی نووسیویەتی: چاوەڕوانیی سەرەکیمان ئەوەیە کە هاونیشتمانە تورکمانەکانمان بە شێوەیەکی شایستە لەناو پێکهاتەی سیاسی و دەوڵەتیی عێراقدا نوێنەرایەتی بکرێن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، پرسی نوێنەرایەتیی تورکمانەکان لە کەرکووک "گرنگییەکی تایبەتی هەیە،" بەتایبەت لە دانان و ئەرکپێسپاردنەکان لە هەموو دامەزراوە گشتییەکاندا و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگادا.
سەبارەت بە دانانی بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی پردێ، کەچەلی دەڵێت: "دانانی بەڕێوەبەرێکی ناتورکمان بۆ ناحیەی پردێی کەرکووک، کە ناوچەیەکی تورکماننشینە، بە شێوەیەکی رەوا بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و نائومێدی لەنێو کۆمەڵگەی تورکماندا."
لەلایەکى دیکەوە، رێبوار تەها، پارێزگارى کەرکوک، رایگەیاند، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە هاوسەنگی پۆستەکان لە فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکان لە سەرجەم شارەدێکانى کەرکوک.
پارێزگارى کەرکوک، لە وەڵامى ناڕەزایی ژمارەیەک لە لایەنگرانى تورکمانى لە دابەشکردنى پۆستەکانى شارەدێى پردێ، پەیامێکى بڵاوکردەوەو رایگەیاند، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بە پۆستەکان لە سەرجەم شارەدێکانى کەرکوک و جارێکى دیکە سەرجەم پۆستەکان بە هاوسەنگى لە نێوان پێکهاتەکان دابەشدەکەنەوە.
