سەرچاوەیەک بۆ هاوڵاتى: پەیامە نوێیەکەى ئۆجەلان ڤیدیۆیی دەبێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بڕیارە چەند ڕۆژى داهاتوو، پێش دانانى چەکى گەریلاکان عەبدولا ئۆجەلان پەیامێکى نوێ سەبارەت بە پرۆسەى چارەسەریی پێشکەش بکات، سەرچاوەیەکى ئاگاداریش بەهاوڵاتى ڕاگەیاند بڕیارە پەیامەکە بەشێوەى ڤیدیۆیی بێت، ئەگەر وانەبێت پرۆسەکەو هەنگاوەکانى دیکە هیچى ناچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر هەرێمی کوردستانە، بە تایبەتی شاری سلێمانی، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕیارە هەنگاوێکی نوێ لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا بنێت. 

زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێ، لە نێوان 10 بۆ 12ی تەممووز، یەکەم گرووپی گەریلاکان کە لە 30 کەس پێکدێت، لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن. 

زاگرۆس هیوا بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاند، گەریلاکان "بە سەرپەرشتیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و لایەنە پەیوەندیدارەکان" چەکەکانیان لەنێودەبەن.

دوو رۆژ لەمەوبەر سەرچاوەیەکى ئاگادارو تایبەت بەهاوڵاتى ڕاگەیاند: لەچەند ڕۆژى داهاتوودا پەکەکە پرۆسەیەکى چەکدانانى سمبولیکى جێبەجیدەکات، ئەو گەریلایانە ژمارەیان ٣٠ کەسەو چەند بەرپرسێکى دیاریان لەگەڵدایە.

بەپێى ئەو زانیاریانەى لەسەرچاوەیەکى تایبەتەوە دەستى هاوڵاتى کەوتووە  لەپرۆسەکەدا بەبەرچاوى میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە چەکەکانیان لەناودەبەن واتە ڕادەستى هیچ کەس و لایەنێکى ناکەن، دواتر ئەو گەریلایانە دەچن بۆ شوێنێکى نادیار، واتە خۆیان ڕادەستى تورکیا ناکەن، چونکە دووجارى دیکە ئەم پرۆسەیە ئەنجامدراوەو گەریلاکانى پەکەکە خراونەتە زیندانەکانى تورکیاوە، بۆیە خۆیان تەسلیم ناکەن.

زاگرۆس هیوا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکدانان بنێت "پێویستە ئەو گۆشەگیرییەی لە زیندان بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراوە هەڵبگیرێت و هەنگاوی دەستووری، یاسایی و سیاسی بنرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو گەریلایانەی واز لە ستراتیجی خەباتی چەکداری دەهێنن بتوانن لە تورکیا تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراسی ببن."
 
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی کردووە، بە ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، رێککەوتن کراوە بۆ ئەنجامدانی "لەنێوبردنێکی سیمبوولییانەی هەندێک چەکی سووک، بەمەبەستی دڵنیاکردنەوەی تورکیا" و ئەمەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە لە تورکیا، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، رەنگە پەکەکە "لە چەند رۆژی داهاتوودا" دەست بە رادەستکردنی چەک بکات، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو.
 
چەلیک ئەوەشی خستەڕوو کە ئەردۆغان هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتیی) زۆرینە کورد کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەوڵەکانی ئاشتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار