العربیة.نت: مەزڵوم عەبدی لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریكا كۆدبێتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بڕیارە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆببێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سوریا و عێراق.

سەرچاوەیەکی نزیک له "هەسەدە" که پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی له شەڕی دژ داعش هەیە، ئاشکرای کردووە، کۆبونەوەكه بەم زووانه بەڕێوەدەچێت، رەنگه له ماوەی چه ند رۆژێک یان هەفتەیەکدا ئەنجامبدرێت.

سەرچاوەكە بە ماڵپەڕی "العربیة.نت"ی راگەیاندووە: باراک لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموكرات، میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی (١٠)ی ئازار، کە لە نێوان عەبدی و سەرۆکایەتیی سوریا ئەنجامدراوە، گفتوگۆ دەکات. 

ئاماژەی بەوەشداوە: رەنگە نوێنەری ئەمەریکا هانی، مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاوە بدات بۆ ئەوەی رێککەوتنی پێشوویان نوێ بکەنەوە، یان پێشنیازی رێککەوتنێکی نوێ بکرێت بە پاڵپشتی فەرەنسا. 

باراک لەگەڵ عەبدی چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێ دەکات، دیارترینیان بەردەوامی هاوکارییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکراتە سەبارەت بە شەڕی داعش و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، نێردەی ئەمریکا پێشتر لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە مەترسی خۆی بۆ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموكرات دەربڕیوە سەبارەت بە هەرەسهێنانی دۆخی ئەمنی سوریا، دوای جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی داعش.

تا ئێستا شوێنی کۆبوونەوەی باراک و عەبدی دیاری نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێدەچێت لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی کە پێشتر عەبدی کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە هەولێر ئەنجامداوە، لەنێویاندا کۆبونەوەی لەوێ لەگەڵ جان نۆێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆتایی مانگی نیساندا.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە: پێدەچێت نوێنەری ئەمریکا سەردانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات لە بنکەکانیان لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە ناوچەیەکە بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموكراتەوە کۆنترۆڵکراوە، بەشێک لە پارێزگاکانی حەلەب و دەیرەزورو تەواوی پارێزگاکانی حەسەکەو رەقە لەخۆدەگرێت، جگە لە دوو شارۆچکە، کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار