کەجەکە: چەکدانانەکە ڕاستەوخۆ پەخش ناکرێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی "بارودۆخی ئەمنی"، رێوڕەسمەکە راستەوخۆ پەخش ناکرێت و رۆژنامەڤانانیش ناتوانن ئامادە بن.
رۆژی دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی کەجەکە رایگەیاند، رێوڕەسمەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام "تاکە رێگە بۆ ئاگادارکردنەوە"ی رای گشتی و میدیاکاران، دانانی شاشەیەک دەبێت لە نزیک شوێنی مەراسیمەکە، کە دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە، تۆمارە ڤیدیۆییەکان پەخش دەکات.
کەجەکە داوای لێبووردنی لە میدیاکاران و ئامادەبووان کردووە و رایگەیاندووە: "بە تەواوی لە بڕیاری ئەو کەسانە تێدەگەین کە بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوە بڕیاری ئامادەنەبوون دەدەن و رێزی لێدەگرین، هەروەها داوای لێبووردن بۆ هەر ناڕەحەتییەک دەکەین."
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، 30 گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" چەک دابنێن.
بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 80 کەسایەتیی سیاسی، رۆشنبیر و ئەکادیمی لە تورکیا، ئەورووپا و ئەمریکاوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە بانگهێشت کراون و هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بانگهێشت کراون.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.
