دەم پارتى: کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و وەزیری دادی تورکیا دواخرا

9 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیاربوو پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی و وەزیری دادی تورکیا لەبارەی ژمارەیەک داواکاریی شاندەکە کۆببنەوە، بەڵام پارتی دەم رایگەیاند، کۆبوونەوەکە دواخراوە.
پاش ئەوەی شەشی ئەم مانگە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە و دوێنێ بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەمموز، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادى ئەو وڵاتە کۆببنەوە.
لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) دەڵێت، کۆبوونەوەکە بەهۆی چڕیی کاروبارەکانەوە هەڵوەشێنراوەتەوە و دواخراوە، بەڵام ئاماژەی بە وادەی نوێی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە نەکردووە.
لە کۆبوونەوەی بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم لەگەڵ تونچ کە لە 24ـی نیساندا بەڕێوەچوو، شاندی پارتەکە ژمارەیەک داواکاریی ئاڕاستەی وەزیری دادی تورکیا کردبوو، لەنێویاندا باشکردنی دۆخی کاری ئۆجەلان، هەموارکردنەوەی یاسای جێبەجێکردنی سزادان لە بەرژەوەندیی بەندکراوە سیاسی و نەخۆشەکان و هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان و رێگەدان بە رۆژنامەوانان و ئەکادیمیستان، تاوەکو بتوانن سەردانی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە.
