وەزیرێکى عێراق: زۆر گەشبینین بە چارەسەرکردنى کێشەکان

دوێنێ
هەڵۆ عەسکەرى، وەزیرى ژینگەى عێراق، رایدەگەیانێت، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، زۆر گەشبینانە دەردەکەوت، ئێمەش گەشبینین بە چارەسەرکردنى کێشەکان لە نێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق.
هەروەها راشیگەیاند، دروستکردنى لیژنە لەسەر ئاستى وەزیرەکانى حکومەتى عێراق، هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.
هەڵۆ عەسکەرى، وەزیرى ژینگەى عێراق، لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئەوەدەخاتەڕوو لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، وەک دواچارەسەر لیژنەیەکى باڵا لە وەزیرەکان پێکهێنراوە، کە رەشنووسى پێشنیازی هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانى لەلایە و لەماوەیەکى کورتدا 24 کاتژمێر یاخود 48 کاتژمێر بابەتەکان یەکلادەکاتەوە.
راشیگەیاند، محەمەد شیاع سودانى، گوتى، " ئامادەیە پاش چارەسەرکردنى بابەتەکان کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجوومەنى وەزیران بکەن ئەگەر رۆژى هەینى یاخود شەممەش بێت"، کە پشووى فەرمییە لە عێراق.
وەزیرى ژینگەى عێراق، راشگەیاند، لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، ئەوەیان راگەیاندووە کە ماوەى 68 رۆژە مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئاماژەى بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانى عێراق، راوبۆچوونى وەزیرەکانى لەسەر کێشەکان وەرگرت، گوتیشى ، "سەرجەم وەزیرە کوردەکان هاوڕابووین کە پێویستە دانوستان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەبێت بۆ ئەوەى ئەو کێشانە چارەسەر ببێت".
عەسکەرى جەختى لەوەشکردەوە، کە ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە راستە کێشەکان سیاسی و ئابوورین، بەڵام روویەکى مرۆیی هەیە کە ماوەى 68 رۆژى مووچە دابەشنەکراوە.
هەڵۆ عەسکەرى، وەزیرى ژینگەى عێراق ئەوەشی راگەیاند، لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، من و خالید شوانى وەزیری داد، داوامان کرد مووچەیەک خەرجبکرێت تا ئەو کاتەی حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق دەگەنە رێککەوتن.
هەروەها ئاماژەى بەوەشکرد، بە راى ئێمە ئەوە باشترین چارەسەرە تاوەکو ئەوکاتەى لە دانیشتن و گفتوگۆى دیکەدا کێشەکان لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق چارەسەر دەکرێن.
هەڵۆ عەسکەرى ئەوەشی راگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ماوەى زیاتر لە دوو کاتژمێر گفتوگۆ لە بارەى کێشەى مووچە کراوە. راشیگەیاند، ئەو لیژنە و شاندانەى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵی کە گفتوگۆیان کردووە تەکنیکى بوون و بڕیار بەدەست نەبوون.
