کۆبوونەوەی لیژنەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بەڕێوەناچێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
عەبدولزەهرە هینداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لیژنە وزارییەکە بەڕێوەناچێت و وادەی کۆبوونەوەی داهاتووش دیارنییە.
ئەو لیژنە وەزارییەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان پێکیهێنا، دوێنێ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا و بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش هەردوو پێشنیازی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، بڕی نەوتی پێویست بۆ بەکاربردنی ناوخۆ، رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران تاوتوێکراون.
ئەندامانی لیژنەکە جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆكان کردووتەوە بۆ چارەسەری کێشەکان و دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بەزوومی گوت، دیارنییە کەی گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە و هەر لەبارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکان، رێباز حەملان راوێکاریی ئابووریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، چارەسەری کێشەی مووچەخۆران لە کۆتا رۆژەکانیدایە و یەکلادەبێتەوە.
