ڕێوڕەسمى سمبولیکى لەناوبردنى چەکى گەریلا بەڕێوەدەچێت

دوێنێ
ئەمڕۆ بۆ بەدەنگەوەچوونى پەیامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنى بڕیارەکانی کۆنگرەى 12ـى پارتى کرێکارانى کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونى بەرپرسانى تورکیا و عێراق و هەرێمى کوردستان، ٣٠ گەریلا چەکەکانیان لەناودەبەن.
پێش مەراسیمەکە، رێوشوێنی ئەمنیی توند بۆ بەڕێوەچوونی چەکدانانی گەریلا گیراوەتەبەر، شاندێکی فراوانی دەم پارتی و لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان بەشداری رێوڕەسمەکە دەکەن.
شاندێکی دەزگای هەواڵگیریی عێراق بەشداری لە رێوڕەسمی چەکدانانی گەریلاکان دەکات، شێوازی چەکدانانی گەریلا دەدرێت بە رۆژنامەنووسان و بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
نووسینگەى راگەیاندنى کەجەکە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا ژمارەیەک لە گەریلاکانیان لە شوێنێکى دیاریکراودا چەکەکانیان دادەنێن.
راشیگەیاندووە، لە شوێنێکى نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە پاش رێوڕەسمەکە ڤیدیۆی پرۆسەکە لەو شاشەیە پیشاندەدرێت و رۆژنامەوانان دەتوانن ماددەی دەنگی و ڤیدیۆیی دەستکارینەکراو بەدەستبهێنن، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، ناتوانرێت دیمانە لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکە بکرێت، تەنیا دەتوانرێت قسە لەگەڵ چاودێرانی رێوڕەسمەکە بکرێت.
رێوڕەسمەکە بە بەشداریی دەیان میوانی دەرەوە و نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بەشێک لە بەشداربووانی رێوڕەسمەکە:
- بەسێ هۆزات و مستەفا قەرەسوو، نوێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان.
- هێمن هەورامی، نوێنەری ،مەسعود بارزانی
- دڵشاد شەهاب، نوێنەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
- نوێنەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
- لیوا تارق ئەحمەد، نوێنەری وەزارەتی نوخۆی هەرێمی کوردستان.
بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە دوو شاند لە تورکیا و باکوورى کوردستانەوە گەیشتوونەتە هەرێمى کوردستان، شاندى یەکەم ئەحمەد تورک سەرۆکایەتیی دەکات و شاندى دووەمیش تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) سەرۆکایەتى دەکرێت.
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی"کەجەکە" رایگەیاندووە "گەریلاکان لەژێر چاودێریی رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان" چەکەکانیان لەناودەبەن.
رۆژى سێشەممە 9ـى تەمموز یەکەم پەیامى ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پاش زیندانیکردنى بڵاوکرایەوە، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەختى لە بانگهوازه مێژووییهكهی 27ـی شوباتی 2025 بۆ (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی) کردەوە و رایگەیاند، پەکەکە دەستبەرداری ئامانجی دەوڵەتى نەتەوەیی بووە، لەو سۆنگەیەشەوە دەستبەرداری ستراتیجی شەڕ بووە و کۆتایی بە بوونی خۆی هێناوە.
