فراکسیۆنی پارتی: بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ناکەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە دوای کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان، پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە، فراکسیۆنی پارتیش وەکو هەڵوێست وەرگرتن بەشداریی لە کۆبوونەوەکە ناکات. 

ئەمەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستێکی یەکگرتوویان نییە و بڕیاری کۆتاییان لەبارەی پێکەوە بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەممەی پەرلەمانی عێراق نەداوە. 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانییە لە پەرلەمانی عێراقە، ڕایگەیاندووە  ناچینە کۆبوونەوەی پەرلەمان و بەشدار نابین.

ئەم وەرزە، دوایین وەرزی یاسادانانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە، بۆیە چاوەکان لەسەر تێپەڕاندنی چەند یاسایەکی گرنگن، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش باوەڕیان وایە بەهۆی ئەوەی عێراق چووەتەناو دۆخی هەڵبژاردنەوە، ئەم خولەی پەرلەمان ناتوانێت هیچ یاسایەکی گرنگ دەربکات.

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک دووەم گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانی، بەشداریی دانیشتنەکە دەکات. غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بە ڕاگەیاند، "لە بەغداین و هیچ بڕیارێک نییە بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکەین."
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتیشی، "جێگرەوەی گفتوگۆ تەنیا گفتوگۆیە. دەبێت لەپێناو چارەسەری کێشەکان، بەتایبەتی پرسی مووچە، یەک گوتار و پشوودرێژ بین."
 
هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەرییش هەڵوێستی خۆیان بەستووەتەوە بە کۆبوونەوەی نێوخۆیی و راوێژ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە. سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو، وتیان، بڕیاری کۆتاییان نەداوە و پێش دانیشتنەکە هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن.
 
بەگوێرەی بەرنامەی کار، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی دوایین وەرزی یاسادانانی ئەم خولەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و هەردوو جێگرەكەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بە ئامادەیی فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پیرمام لە كۆبوونەوەدایە.

بەپێی زانیارییەكان بەشی سەرەكی گفتوگۆكان تەرخان دەكرێت بۆ پرسی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد و موچەو نەوت، پارتی لە میدیاكانیەوە ئاماژە بە كشانەوە دەكات لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەڵام لە دوێنێوە، لەلایەن بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی عێراقەوە پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی پارتی هەیە بۆ ئەوەی هەڵوێست و بڕیار نەدات سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی سبەینێ چوار چێوەی هەماهەنگی شیعەكان كۆببێتەوەو بڕیارێك لەسەر كێشەكان بدات و دادگای فیدراڵیش فەرمانی سالاریی سەبارەت بە موچە دەربكات.

بەڵام هێشتا روون نیە پارتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاری كشانەوە دەدات یاخود بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەكانی بۆ چارەسەری كێشەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار