عێراق: تەنها لەسەر ئەوبڕە نەوتەى لەناوخۆ بەكاردێت ڕێكنەکەوتوین

3 كاتژمێر لەمەوپێش
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق، هۆکارى دواکەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى بۆ رێکنەکەوتن لەسەر بڕى پێداویستیى ناوخۆیى هەرێمى کوردستان گەڕاندەوە و گوتى، "لەسەر 46 هەزار بەرمیل رێککەوتوون، بەڵام هەولێر داواى 65 هەزار بەرمیل نەوت دەکات".
وەزیرى نەوت، بە ئاژانسى هەواڵى فەرمیى عێراقى گوتووە، یاساى بودجە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی دیاریکردووە، کە پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات.
راشیگەیاند، لەم ماوەیەدا گفتوگۆ و دانوستانی زۆر سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە کراون، لەبەر رۆشنایی ئەو دانوستانانە، هەموارکردنەوەیەک بۆ یاسای بودجە کرا بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لەسەر ئەو بنەمایە تێچووى بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوت لە هەرێمى کوردستان بۆ 16 دۆلار زیادکراوە.
وەزیرى نەوت، دەشڵێت، "ئەم رێککەوتن و هەموارکردنەوەیە خرایە بەردەم حکومەتی هەرێمى کوردستان، رەزامەندیی راستەقینەی لەسەر هەبوو، خرایە بەردەم ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانیش ئەم هەموارکردنەوەیەیان پەسەند کرد، داواشمان کرد هەرێمى کوردستان جێبەجێی بکات".
گوتیشى، "ھەندێک بابەت ھەن، کە بوونەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەدا". لەو بارەیەوە ئاماژەى بەوەکردووە، بەگوێرەى یاساى بودجە و رێککەوتنى دیوانی چاودێری دارایی ھەردوو حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمى کوردستان، پێداویستیى ناوخۆی هەرێمی کوردستانی بە 46 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دیاریکراوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان ئێستا داوا دەکات کە ئەم بڕە 65 بەرمیل بێت". ئەوەشى بە پێچەوانەى یاساى بودجە ناوبردووە.
وەزیرى نەوتى عێراق، دەشڵێت، "ئێمە لەسەر زۆرینەى بڕگەکان رێککەوتووین جگە لە بڕگەی بەکارهێنانى پێداویستیى ناوخۆ نەبێت". هیواشیخواستووە هەرێمى کوردستان ئەم بڕە قبوڵ بکات، کە دیوانى چاودێرى دارایى هەردوولا لەسەرى رێککەوتوون.
ئاماژەى بەوەشکردووە، وەک حکومەتی فیدراڵی لایەنی تورکی و کوردیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت ئاگادارکردووەتەوە، گوتیشى، "بەڵام چاوەڕێی براکانمان لە هەرێمى کوردستان دەکەین ئەم بڕە نەوتە رادەستبکەن بۆ ئەوەی بتوانرێت هەناردە بکرێت".
بەگوتەى وەزیرى نەوت، حکومەتی فیدراڵی ئێستا رۆژانەى بەهۆى هەرێمى کوردستانەوە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لەدەستدەدات، چونکە ئەو بڕەی لە هەرێمى کوردستان بەرهەمدەهێنرێت لەلایەن رێکخراوى ئۆپیکەوە وەک بەشێک لە پشکی عێراق هەژمار دەکرێت.
