پەروین بوڵدان لەبارەى قسەکانى ئەردۆغانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، لەبارەى قسەکانى ئەردۆغانەوە ڕایدەگەیەنێت ئێمە وەک پارتەکانی ئاکەپە و مەهەپە ودەم پارتى بڕیارمانداوە کە پێکەوە ئەم ڕێگایە دەبڕین، ئەمە "هاوپەیمانی پرۆسەکە"یە.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە، کۆتایی بە خوێن و فرمێسک دێت." باسی لەوەش کرد، لە سەرەتای پرۆسەکەوە بە وریاییەوە مامەڵەیان کردووە.
پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی ئانکا کردوەو ڕایگەیاند هێڵ و ڕێبازی هەموو لایەک ڕوونە، بۆیە ئەمە پەیامێک بوو و هاوپەیمانی گەل و پارتی دیم بە درێژایی پرۆسەکە لەسەر ڕێگایەکی هاوبەش دەڕۆن. ئەم یەکگرتووییە، لە ڕێگەی هاوکارییەوە، مانادار دەبێت. بە بۆچوونی من دەتوانین ناوی بنێین یەکگرتوویی پرۆسەکە.
ئەو بەرپرسە ئەوەشدەخاتەڕوو مادەم ئەردۆغان لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە هەڵەکانی پێشووی دەوڵەت گرتووە و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە. وتیشى: باسی کوشتنی تاوانبارانی نەناسراو و تۆری سپی و سووتاندنی گوندەکان و ئەو کاتانەی کرد کە قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغە کرابوو، ئەمەش شتێکی گرنگە، ئەم جۆرە لێدوانانە گرنگن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت.
پەروین بوڵدان جەختى کردەوە زانیاری هەبوو کە بەم زووانە کۆمیسیۆنەکە دادەمەزرێت. وەک ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەبێت هەموو هەنگاوە پێویستەکان بە زووترین کات بەبێ دواکەوتن بنرێت. وتیشى: تا پرۆسەکە درێژتر بێت، هۆکاری زیاتر بۆ ئیستفزازی و دەستپێشخەرییەکانی دیکە سەرهەڵدەدەن دەبێت هەنگاوەکان بە خێرایی بنرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەم زووانە سەرکەوتوو بێت.
دوای ئەوەى دوینێ لە سلێمانى گرووپێک گەریلا لەڕێوڕەسمێکى سمبولیکیدا چەکەکانیان سوتاندو و لەناوبرد، ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە سی و دووهەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی ئاک پارتی وتارێکى پێشکەشکرد.
ئەو رایگەیاند، خەریکە 'رێکخراوی تیرۆر" کۆتایی دێت و "ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێی مێژوویی لە تورکیا دەستپێدەکات." ئاماژەی بەوەش کرد، "رێگری لە قسەکردن بە کوردی تیرۆری زیاتر کرد."
ئەردۆغتان دەڵێت: تورکیا هەنگاو دەنێ بۆ داهاتووی 100 ساڵەی خۆی، هەموو کارەکانمان بە راوێژکاری و هەرەوەزی بەڕێوەدەبەین، لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی چەندین هەنگاومان بۆ چارەسەریی کێشەکە ناوە، ئەشکەنجەکانی زیندانی ئامەد و قەدەغەی زمانی کوردی هەڵە بوو، خوێنڕشتن و فرمێسکی دایکان دەوەستێت.
