تکایە با ئەشکەوتی جاسەنە بکرێتە گەورەترین مۆزەخانەی مێژووی ئێمە

19 كاتژمێر لەمەوپێش



 

هۆزان مەحمود 

تکایە، ئەو شوێنەی چەکەکانی تیا سوتێنرا و ئەو شوێنەش کە پێشمەرگەکان لێوەی هاتنەخوار، هەمووی شوشەبەند بکەن و مەهێڵن بفەوتێت. با نەوەکانمان شاهیدبن بەسەر ئەم ساتەوەختەوە، با گەورەیی و ئیستاتیکای ئەم ئەکتە سیاسییە باڵایە بکرێتە وانەی مێژوو بۆیان. 

کاری گەورە، مرۆڤی گەورە و باڵای دەوێت. سەرەڕای ترس و نیگەرانیم لەم پرۆسەیە، بەڵام دلخۆشم کە هێزێکی کوردی خاوەن هرز و فەلسەفەی تایبەت بە خۆی، هەنگاوی یەکانگیر و گەورە دەنێت.  بەبێ ترس بە داگیرکەر دەڵێن، ئێمە ئامادەی ئاشتین. گومانم هەیە فاشیزمی تورکیی لە ئاست گەورەیی هزر و دونیابینی پەکەکەدا بێت. گومانم هەیە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییە گۆشکراوەکان بە فاشیزمی تورکی، عەرەبی و پان ئێرانی، توانای دیتنی ئەم گەورەییەیان هەبێت. 

ئەی گەردوون ئێمەی کورد لە چ زبڵخانەیەکی ئەم سەرزەوەیەدا چاومان بە دونیا هەڵهێناوە. دەوردراوین بە ئەردۆغانەکان و ئەحمەد شەرعەکان و ئایەتوڵاکان و داگیرکەری فاشیی و سەردەستە، کە لە دونیادا لەوانە حەقیرتر و دڵپڕ لەقینتر پەیدا نابێت بەرامبەر بە ئێمەی کورد. بە درێژایی سەدساڵ لە کوشتار و جێنۆسایدی جەستەیی، هزری، کولتوری و ژینگەیی، هێشتا ئێمە دەبێت دەستبەرداری زۆرێک لە ئایدیاڵە مەزنەکانمان بین و بە کەمترین ئاستی پێکەوە ژیان و ئاشتیی ڕازیبین. لە کوێی ئەم خۆرهەڵاتی ناوەڕەستەدا هێزێکی وەک پەکەکە هەیە، کە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکیی هزری و جەنگی ببینن؟ لە کوێدا بەم ئاستا باڵایە لە ئەتەکێتی سیاسی باس لە ئاشتیی کراوە؟ لە کام مێژووی ئەم زبڵدانەی کە ناوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، شایەدی وەها بزوتنەوەیەکی کارا و خاوەن هزر و دونیابینی بووین؟ دەزانم زۆرێک لە ئێمەی کورد، هێشتا لە گرێی خۆبەکەمزانیی و ناوەکی کردنی وێنای سەردەستە، کە بۆ ئێمەی کێشاوە، ڕزگار نەبووین، بەڵام ڕۆژێک دێت، تەنانەت گەر شکستیش بهێنین، ئەم ئاستە بەرزە لە سیاسەتکردن بەرزبنرخێنین.  

ئەشکەوتەکان و شاخەکان، ماڵی هەمیشەیی شۆڕش و بەرخۆدانی ئێمەن، لەوێوە هاتووین و هەرکاتیش بمانەوێت دەچینەوە بۆ ئەوێ. ئەمە پەیامی کۆتایی ئەو ئەکتە گەورەیە بوو، کە ئەمڕۆ نمایشکرا. چ جوانییەکی بێوێنە بوو، چەندین جار، دڵم پڕبوو، چاوم پڕ لە فرمێسک، کێ دەزانێت لەو دڵە گەورەیەی ئەواندا چی دەگوزەرا؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار