بارەگای بارزانی: دوا دەرفەت دەدەین بە حكومەتی عێراق

10 كاتژمێر لەمەوپێش
بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حکوومەتی فیدراڵ، بەڵێنیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارە بکەن.
شەممە 12ـی تەممووزی 2025، بارەگای بارزانی لەبارەی کێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە، بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبووەوە.
ڕاگەیێندراوێک لە بارەگای بارزانی بۆ ڕای گشتی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە. بەڵام هەر ئەمڕۆ بەڕێز د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت.
هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین.
بارەگای بارزانی
12ی تەممووزی 2025
