دادگای فیدراڵی دادبینى بۆ سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەى پەرلەمان بکات

8 كاتژمێر لەمەوپێش
بەگوێرەى کارنامەکەى بێت، بڕیارە ئەمڕۆ دادگاى فیدڕاڵیی عێراق دادبینى بۆ دوو سکاڵا تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی خولى شەشەمى پەرلەمانی کوردستان بکات.
سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لەلایەن هەریەک لە عومەر عەبدوڵا گوڵپى، بەربژێرى سەرکەوتووى کۆمەڵى دادگەرى بۆ پەرلەمانى کوردستان و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکرابوون و بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی تەمموز دادبینیان بۆ دەکرێت، ئەوەش پاش ئەوەى دادبینییەکە لە رۆژى شەشى ئەم مانگەوە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپییەوە تۆمارکراوە و تیایدا هاتووە، خولی شەشەمی پەرلەمان پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەماوەی 45 رۆژدا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت و داوادەکات، هەڵبوەشێندرێتەوە و سەرجەم ئەو مووچە و پاداشتانەی دراون بە پەرلەمانتاران لێیان وەربگیرێتەوە.
هەروەها داواشدەکات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەند بکرێت بە زووترین کات ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بکات.
سكاڵای دووەمیش لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکەن.
