لیژنە وزارییەكەی عێراق ڕاپۆرتەکەی تەواو دەکات و دەیداتە سودانى

9 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەو لیژنەیە حکومیەی کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێکهێنراو، ئەرکی تاوتوێکردنی ناکۆکی نێوان بەغداد و هەولێری پێسپێردراوە، ئەمڕۆ راپۆرتەکەی تەواو دەکات.
ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەمڕۆ لیژنە وزارییەكە راپۆرتەکەی تەواو دەکات و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات، بڕیارە لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ بكرێت، کە سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
بەوتەی سەرچاوەكە: پرسی داهاتە ناوخۆییەکان و رادەستکردنی (50%)ی هەرێم بە بەغداد رێککەوتنی لەسەر كراوە، نیمچە رێككەوتنیش لەسەر تەوتینكردن كراوە، هاوكات رێککەوتنیش کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
رونیشیکردووەتەوە: تاکە خاڵی ناکۆکی ماوەتەوە، پەیوەندی بەو بڕە هەیە کە هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، حکومەتی فیدراڵی پێی وایە (46)هەزار بەرمیلە، لەکاتێکدا کوردستان داوای (65) هەزار بەرمیل دەکات، ئەگەری گەیشتن بە سازانیش هەیە پێش دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەى دوێنێ شەممە بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حکوومەتی فیدراڵ، بەڵێنیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارە بکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە، بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبووەوە.
