ئیدارەى خۆسەر: بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا ستراتیژی ئێمەیە

8 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیدارەى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان، دووپاتى دەکاتەوە پابەندن بە ئامانجەکانی شۆڕشەکانی ١٥ی ئازار و ١٩ی تەمموز کە داوای دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی دەکەن و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا هەڵبژاردەی ستراتیژی ئێمەیە.
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی ئیدارەکە و حکومەتی کاتى لە سوریا ئەمرۆ یەکشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لەناوەڕۆکى ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی سوریا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی ئەمریکا و فەرەنسا، هەنگاوێکی چارەنووسسازن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گفتوگۆی جددین لە سوریا، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە لە مێژە بەدوایدا دەگەڕێین.
ئیدارەى خۆسەر سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەیان ئاراستەی هەردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری فەرەنسا دەکەن بۆ ڕۆڵی بنیاتنەر و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا.
دەقی راگەیەندراوەكە:
بۆ رایگشتیی
دیدارەکانی ئەمدواییەی نێوان شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو حکومەتی سوریا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتەكانی ئەمریکاو فەرەنسا، هەنگاوێکی چارەنوسسازن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەكی جددی گفتوگۆی سوری- سوری، پرۆسەیەک کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە هەوڵمان بۆ داوە.
لەم چوارچێوەیەدا، سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاڕاستەی هەریەكە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو کۆماری فەرەنسا دەکەین بۆ ڕۆڵی بنیاتنەر و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا.
دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و دابڕان، دانیشتنی هێزەکانی سوریا لەسەر یەک مێز بۆ تاوتوێکردنی پرسە چارەنوسسازەکان بە شێوەیەکی جددی و شەفاف؛ دەستکەوتێکی سیاسی و مێژووییە. گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان ئەکتەرەکانی سوریا بووەتە پێویستییەکی نیشتمانی و تەنها لەڕێگەی گفتوگۆی بەرپرسیارانە دەتوانرێت تێپەڕێنرێت.
کاتی ئەوە هاتووە کە لەم زمانە تێپەڕین کە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی تەونی سوریاو قوڵکردنەوەی دابەشکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات. فرەچەشنی لە سوریادا مەترسی نییە بۆ سەر یەكێتییەكەی، بەڵکو سەرچاوەی هێزێکە کە دەبێت پارێزگاری لێبکرێت و بەهێز بکرێت. بناغەی بنیاتنانی دەوڵەت هاوبەشییە نەک دورخستنەوە.
ئێمە بە ڕوونی و بێ دوودڵی رایدەگەیەنین کە یەکگرتوویی خاکی سوریا پرەنسیپێکی سازشی لەسەر ناكرێت و؛ پایەیەکی پتەوە لە دیدگای ئیدارەی خۆسەرو هەموو هێزە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئێمە لە پرۆژەی گۆڕانکاری نیشتمانیدا. زیادەڕەوی لەم بابەتەدا تەنها خزمەت بەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت چانسی چارەسەری سیاسی تێکبدەن.
ئەو داواکاریانەی ئەمڕۆ دەیخەینەڕوو- بۆ سیستەمێکی دیموکراسی فرەیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی جێندەری و دەستورێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات- شتێکی نوێ نین. بەڵکو كرۆكی ئەو شتانەن کە سورییەکان لە ساڵی 2011ەوە لەپێناویدا هاتنەسەر شەقام، رەتکردنەوەی ئەم داواکاریانەو ناوزەندكردنیان بە جیابوونەوە شێواندنی بە ئەنقەست ڕاستییەکانی خەباتی سوریایە دژ بە ستەمکاریی.
دەیان ساڵە سوورییەکان بەدەست سیستەمێکی مەرکەزییەوە دەناڵێنن کە دەسەڵات و سەروەت و سامانی قۆرخ دەکردو ئیرادەی ناوخۆیی سەرکوت دەکرد و وڵاتەکەی بەرەو قەیرانی یەک لە دوای یەک رادەکێشا. ئەمڕۆ ئێمە ئاواتەخوازین هاوبەشی راستەقینە بین لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێدا، سوریایەکی لامەرکەزیی کە هەموو گەلەکەی لە باوەش بگرێت و مافەکانیان بە یەکسانی دەستەبەر بکات.
ئێمە پابەندین بە ئامانجی شۆڕشەکانی 15ی ئازار و 19ی تەمموز، بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی و؛ دووپاتی دەکەینەوە کە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا بژاردەی ستراتیژیمانە. كاری جددی دەكەین بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان، هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای دیموکراسی و بەشداریکردن لە داڕشتنی دەستورێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی هەموو سورییەکان بێت، دەردەبڕین.
بەم پێیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەڵبگرن و گوتار رق و توند رەتبکەنەوە و ڕووبەڕووی هەموو هەوڵەکان ببنەوە بۆ ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێی ناوخۆیی وێرانکەر. هەروەها داوا لە هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەین لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکبگرن بۆ پاراستنی دیالۆگی سوریا لە هەوڵەکانی لەباربردن و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلەکەمان بۆ دەوڵەتێکی دادپەروەر و دیموکراسی و مەدەنی.
لەگەڵ ڕێز..
ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
