ئەپیكۆر: دوای واژوكردنی رێككەوتنی نوسراو هەناردەی نەوت دەستپێدەکەینەوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە کوردستان (ئەپیكۆر) لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: بەخۆشحاڵییەوە، دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چڕتر بووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە.

کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆرو نوێنەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن، بەشدارییان لە کۆبونەوەیەکدا کرد لە 12ی تەمموزی 2025 لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، تیایدا ئامادەییان دەربڕی بۆ دەستبەجێ دەستپێكردنەوەی  هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق_توركیاوە،  دوای ئەنجامدانی رێککەوتنێكی پابەندکەر، كە دڵنیایی بدات بە پارەدانی هەناردەکردنی نەوت و  بەجۆرێك گونجاوبێت لەگەڵ مەرجە گرێبەستییە هەنوکەیی و یاساییەکانی كۆمپانیاكان، هەروەها چارەسەرکردنی پاشەکەوتی پارە دواكەوتووەكانی كۆمپانیاكان.

لە بەیاننامەكەی ئەپیكۆردا هاتووە: پێویستە  هەموو پارەدانەکان بە خێرایی و شەفافانە بدرێن، بەجۆرێك كە لەلایەن كۆمپانیاكان و حکومەتی هەرێمەوە قبوڵکراو بێت، بەكاش یان لە ڕێگەی گواستنەوەی پشکی شایستەیان لە نەوت ئەنجام بدرێت.

مایڵز كاكینز، وتەبێژی ئەپیكۆر رایگەیاندووە: كۆمپانیاكانی نەوت ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی دەستبەجێی هەناردەی نەوت، دوای واژوكردنی رێككەوتنی نوسراو و رێزگرتن لەو گرێبەستانەیان كە یاسای نێودەوڵەتی ناوبژیوانی دەكات.

ئاماژەی بەوەشكردووە: كۆمپانیانكان بەردەوام جەخیتانكردووەتەوە، لەسەر پابەندبون بە  گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان لەگەڵ ئەندامەکانیان و، هەرگیز بەشدارییان لە هیچ کۆبونەوەیەکدا نەکردووە لەگەڵ هیچ لایەنێكی حکومی، کە ئاماژەیان بە پێچەوانەی ئەمە كردبێت.

لەدوای دەستپێکی گفتوگۆکانی ئەم دواییانەی بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و چارەسەری کێشەی مووچە، یەکەمجارە ئەپیکور هەڵوێستی خۆی بە ئاشکرا رادەگەیێنێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی چارەسەرەکەی کە پێشکێشی بەغدای کردووە، لە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان پێشنیازی رادەستکردنی 217 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بە بەغدا کردووە. لە ئەگەری بەشدارنەبوونی کۆمپانیاکانیش لە رێککەوتنەکە، پێشنیازی ئەوەی کردووە 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەست بکات.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای 65 هەزار بەرمیل نەوتیشی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار