چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر چەند پرسێکى جیاواز کۆدەبێتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە ئەمشەو سەرکردەکانى چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان کۆببنەوە و پرسێکی گرنگی کۆبوونەوەکەش، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێشەى موچەو گرژیەکانى نێوان هەولێرو بەغدایە.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت؛ ئەگەری هەیە بڕیارێک بدرێت، بەکاتی کیشەکان چارەسەر بکرێن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی و هەرێمی تاوتوێدەکرێن و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی کۆبوونەوەکەیە و پرسەکانی دیکەش پەیوەستن بە بوونی تورکیا لەناو خاکی عێراق لەپاش چەکدانانی پەکەکە.
باسی لەوەشکردووە، رێژەی ئاوی بەردراوە بۆ عێراق پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە.
عومەر کۆچەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕاگەیاند، ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن، ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیارێک بدات تاوەکو بەکاتی کێشەکان چارەسەر بکات.
عومەر کۆچەر راشگەیاند، لە داهاتوویەکى نزیکدا بەغداد مووچەیەک بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت، بەڵام چارەسەرەکانى کێشەى مووچە کاتین و تاوەکو ئێستا چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ کێشەکە نەدۆزراوەتەوە.
گوتیشى، شەقامى شیعەی عێراق فشاریان لە سودانى کردووە،کە لەکاتێکدا نەوتى هەرێمى کوردستان بەقاچاخ دەبرێتە دەرەوە، ئەو چۆن پارەى نەوتى بەسڕە بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت.
هەر ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانى، و ئامادەبوونى بافڵ جەلال تاڵەبانی هەردوو مەکتەبى سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزب، لە پیرمام کۆدەبنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى 10یەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ دەکرێت.
