سودانى: بێ پابەندبوونی هەرێم ناتوانرێت پارە بنێردرێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند "لە پەسەندكردنی یاسای بودجەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان".
محەمەد شیاع سودانی لەمیانەی چاوپێكەوتنێك لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوە كرد "هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان و ئەوەش پێشێلكردنی یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە".
سودانی دەشڵێت"هەربۆیە وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت بەبێ پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە بودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت".
سودانی رەتیكردەوە ئەو بابەتانە سیاسی بن و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو بابەتە بە تەواوەتی یاسایی و تەكنیكییە.
روونیشیكردەوە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەشێكن لە رۆڵەكانی گەلی عێراق و هیچ سەرۆكوەزیرانێك ناتوانێت پێشێلی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بكات.
گوتیشی "بەهۆی پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە لەماوەكانی رابردوودا لە دەرەوەی پشكی هەرێمی كوردستان پارەمان خەرج دەكرد".
لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا سودانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەوان هیچ نیازێكیان نییە بۆ كاركردن بۆ نەهێشتنی هەرێمی كوردستان و دەڵێت: هەرێمی كوردستان خاوەن قەوارەیەكی دەستوورییە و هەمووان رێزی لێدەگرین و پەرۆشین بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، بە بەڵگەی ئەوەی ئێمە هاوكاربووین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 8 بۆ 9 مانگ لەمەوبەر ئەنجامدرا و بودجەی پێویستمان بۆ دابینكرد.
وتىشى: من بە شەخسی ، دوای هەڵبژاردن، گەشتێکم کرد بۆ سەردانی هەموو هێزە سیاسییە براوەکانی هەرێم، داوام لێکردن حکومەتێکی نوێ بۆ هەرێم پێکبهێنن، هەروەها پەرلەمان دەسەڵات و ئەرکەکانی لە چوارچێوەی دەستوردا جێبەجێ بکات.
