سامانە سروشتییەکان زانیارى لەسەر هێرشە درۆنییەکەی سەرسنگ بڵاوکردەوە

9 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەیانی ئەمڕۆ لەڕێی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشێکی تیرۆرستی كرایەسەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ و هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە: ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات.
لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (HKN)ـی ئەمەریکی کە لەو کێڵگەیە کار دەکات، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکە، بەرهەمهێنانی نەوتیان وەستاندووە و جەختی کردووەتەوە، هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تەنیا زیانی ماددی هەیە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر 7:00 ـی بەیانی بە کاتی کراوە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکەن و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو.
نزیکەی کاتژمێر 2:20ـی بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژیش (دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025) درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە
ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە (15)ی تەمووزی 2025 لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک . هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
ئەم هێرشە دوای ئەو هێرشەی دوێنێ ئێوارەوە دێت کە لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات.
وەزارەت سامانە سرووشتییەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
15ی تەمووزی 2025
