سودانی لێژنەی لێکۆڵینەوە بۆ هێرشی درۆنەکان پێکدەهێنێت

10 كاتژمێر لەمەوپێش
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بڵاوکردەوە، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان مەترسین بۆسەر بەرژەوەندیی عێراق.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو ئامانج لە هێرشە درۆنییەکان تێکدانی دۆخی عێراق و زیانگەیاندنە بە دامەزراوە گرنگەکانی، سودانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و فراوان دەستپێبکەن.
سەباح نوعمان، ئاماژەى بەوەکردووە، سروشتى ئەو هێرشە تاوانکارییانە و کاتى ئەنجامدانى، ئاماژەیە بۆ بوونى نیازى "پیس" کە ئامانجى تێکەڵکردنى کارتى دۆسییەکان و زیان گەیاندنە بە عێراق و دامودەزگاکانى.
سەباح نوعمان، ئاماژەى بەوەشکردووە، محەمەد شیاع سودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپاردووە، لێکۆڵینەوەى خێرا و ورد و فراوان دەستپێبکەن بۆ دەستنیشانکردنى ئەو لایەنەى لە پشتى ئەو هێرشانەوەیە، لەگەڵ گرتنەبەرى رێوشوێنى تووند و پێویست و لێپرسینەوە لەوانەى تێوەگلاون بەبێ ئەوەى لە هیچ کەس سڵ بکەنەوە.
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراقەوە، جەختیکردووەتەوە، حکومەتى عێراق بە سەرجەم دامودەزگاکانییەوە، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بوونى هەڕەشە نادات زیان بە بەرژەوەندییەکانى گەلانى عێراق بگەیەنێت. دەشڵێت "بۆ پاراستنى دامەزراوەکان و پەرەپێدانى سیستمى بەرگرى رێوشوێن دەگرێتەبەر، کە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەى ئەو کردەوانەى کە هەڕەشەن بۆ سەروەرى عێراق و گەلەکەى".
لە 24 کاتژمێری رابردوودا سێجار سنوورى پارێزگاكانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک كەوتوونەتە بەرهێرشى درۆنى، ئەمەش کاردانەوەى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بەدواداهات.
