ئۆجەلان: نابێت هێزەكانی هەسەدە چەكەكانیان دابنێن

12 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەڕی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان، جەختیكردووە لەوەی، نابێت هێزەكانی سوریای دیموكرات چەكەكانیان دابنێن.
محمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، لە دواین سەردانی ئەم دواییەی بۆلای براكەی لە زیندانی ئیمرالی، باسی رۆژئاوای كوردستان كردووەو رایگەیاندووە: نابێت هەسەدە چەكی خۆی دابنێت و دەبێت پارێزگاری لێبكات، ئۆجەلان باسی لەوە شكردووە، ئەگەر هەسەدە چەكی خۆی دابنێت، ئەوا داعش كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەناودەبات.
ئۆجەلان، ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەگەر لەنێوان كوردو شامدا چارەسەرێكی دیموكراتی بێتە ئاراوە، كارێكی باشەو دەكرێت نەرمی بنوێنن، بەڵام باوەڕی بە ئەحمەد شەرع نییە، چونكە ئەو سەرێكی داعشەو دیارنییە بە نیازی چییە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئۆجەلان وتویەتی: پەیوەندی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی باشەو هیوادارم ئەو پەیوەندییانە توندوڵتربێت.
