گەڵف کیستۆن بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان راگرت

14 كاتژمێر لەمەوپێش
گەڵف کیستۆن، کۆمپانیای ئەمریکیی سەرکار لە کێڵگەی نەوتی شێخان رایگەیاند، بەهۆی چەند تەقینەوەیەک لە کێڵگە نەوتییەکانی نزیک کێڵگەی شێخان، وەکو رێکارێکی خۆپارێزی، بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکە راگرتووە.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، لە دوو رۆژی رابردوودا ئاگاداری "راپۆرتی تەقینەوەکان بوون لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە دەوروبەری کێڵگەی شێخان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەکو رێکارێکی خۆپارێزی، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنان رابگرێت و رێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی سەلامەتیی کارمەندەکانی گرتووەتەبەر."
کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە هیچ زیانێک بەر کێڵگەکەیان نەکەوتووە و دەڵێت، "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین، لە کاتی پێویستدا زانیاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە."
رۆژانە نزیکەی 45 هەزار بەرمیل نەوت لە شێخان بەرهەم دەهێندرێت.
لە ئێوارەی دووشەممەوە 5 کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج کە هەریەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە، سەرسنک، تاوکێ، پێشخابوور و باعەدرێ بوون.
بەهۆی هێرشەکانەوە پێشتر کۆمپانیاکانی HKN لە کێڵگەی سەرسنک و DNO لە تاوکێ بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرتبوو.
بەکۆی گشتی، ئێستا بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی نزیکەی 160 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
گەڵف کیستۆن (GKP) یەکێکە لە کۆمپانیا سەربەخۆ پێشەنگەکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و بەرهەمهێنانی سەرەکیی لە کێڵگەی نەوتیی شێخانە.
