مەزڵوم عەبدى: ئێستا كاتی راگرتنی خوێنڕشتنە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، ڕایدەگەیەنێت، كوشتنی ژن و منداڵ و بەئامانجگرتنی سیمبولە ئاینییەكان تاوانی دژە مرۆڤایەتیی و بەهاكانی گەلی سوریایەو؛ دەبێت بەپەلە ئەم كردەوە شەڕەنگێزانە رابگیرێن.
لەسەر بەردەوامى شەڕو گرژى و ئاڵۆزیەکانى سوریا بەتایبەتى لە ناوچەى دروزەکان،
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس پەیامێکى بڵاوکردەوە.
لەبەشێکى پەیامەکەیدا هاتووە: لەلایەن خەڵكەكەمانەوە لە سوەیدا بانگەوازمان بۆ هاتووە بەمەبەستی كردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بۆ مەدەنییەكان و راگرتنی هێرشە بەردەوامەكان.
مەزڵوم عەبدى جەختى کردوەتەوە کە كوشتنی ژن و منداڵ و بەئامانجگرتنی سیمبولە ئاینییەكان تاوانی دژە مرۆڤایەتیی و بەهاكانی گەلی سوریایەو؛ دەبێت بەپەلە ئەم كردەوە شەڕەنگێزانە رابگیرێن و لێپێچینەوە لەو كەسانە بكرێت كە بەرپرسن لێی.
هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، دوای 14 ساڵ لە جەنگ؛ ئێستا كاتی راگرتنی خوێنڕشتنە. سوریا بە دیالۆگ و كاركردن نەبێت هەڵناسێتەوە.
لەبارەى پرسی گەلی دروزیشەوە فەرماندەى هەسەدە دەڵێت: پرسێكی نیشتمانییەو دەبێت بەدەستورو دیالۆگ چارەسەر بكرێت نەك بە هێز.
ئەم پەیامەى مەزڵوم عەبدى لەکاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاند، حکومەت و کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگای سوەیدا، گەیشتنە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و گەڕاندنەوەی پارێزگاکە بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئاگربەستێکی گشتگیر رادەگەیێندرێت، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لە شارەکەدا بڵاوەیان پێدەکرێت و دامەزراوەکانی دەوڵەت کارا دەکرێنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا رۆژی چوارشەممە 16-7-2025 راگەیەندراوێکی لە بارەی ئاڵۆزییەکانی سوەیدا و رێککەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکانی پارێزگاکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە "لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییەکانی خەڵکی پارێزگاکە" واژۆ کراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بڕیارە لیژنەیەکی چاودێریی هاوبەش پێکبهێندرێت کە نوێنەرانی حکومەتی سووریا و "شێخە بەڕێزەکان"ی پارێزگاکە لەخۆبگرێت. هەروەها لیژنەیەکی دیکەی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و پێشێلکارییەکان پێکدەهێندرێت و زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریادا هاتووە، "ئەم رێککەوتنە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بەرەو دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لەنێوان رۆڵەکانی سوەیدا و دەوڵەتی سووریادا."
