ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێککەوتنەکەى پەسەندکرد

10 كاتژمێر لەمەوپێش
بەئامادەبوونى سەرجەم وەزیرەکان کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو تیایدا لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدای لەبارەی مووچە پەسەند کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزیران لەبارەى مووچەى هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات، بەپێی بەدواداچوونەكان
- 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكرێت
- 16 دۆلار خەرجدەكرێت، بۆ هەر بەرمیلێك
- 52 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەكاربردنی ناوخۆ
- 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد دەكرێت
پێش کۆبوونەوەکە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق کۆبوویەوە، نووسینگەی سوودانی: سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار باسیان لە چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە.
نووسینگەی سودانی ئەوەشى خستوەتەڕوو باسیان لە رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دوێنێ گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، باسیان لە وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشە کرد کە لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە.
لەبارەی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دوێنێ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوتە. وەک دەستپێک، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، باسی لەوەش کرد، دوای ئەم لێکتێگەیشتنە، هەردوو حکوومەت دەچنە نێو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە، ئەوەی کراوە ڕێککەوتنێکی سەرەتاییە.
