مەسرور بارزانى: چاوەڕوانین عێراق موچە و شایستە داراییەکان بنێرێت

8 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنج لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەن، "هەرێمی کوردستان هەموو نەرمییەکی نواند و هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکرد."

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
 
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار  لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی  نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر ، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش ، ڕەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون. 

هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە ، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
 
هەروەها دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان. 
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/7/17

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار