هاتنى موچە دەکەوێتە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سودانی ڕاگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغداد مووچەى مانگى پێنج دەنێرێت و کێشەی لەگەڵ “هەژماری من”یش نییە.
سەرچاوەکە ئەوەشى وت، لە کۆبوونەوەى دوێنێى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاردراوە، سەرەتای هەفتەى داهاتوو مووچەى مانگى پێنج بنێردرێت و بۆ مووچەى مانگى شەش، چاوەڕێى هەرێمى کوردستان دەکرێت بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کوردستان لەرێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ و ناردنى 240 ملیار دینار لە داهاتى ناوخۆى مانگەکانى پێنج و شەش بۆ بەغداد.
گوتیشى، لەبارەى پرۆژەى هەژمارى منەوە، حکومەتى عێراق هیچ کێشەیەکى نییە و مووچەخۆران دەتوانن لەڕێگەى هەژمارى منەوە مووچەکانیان وەربگرن.
دوێنێ، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى نائاسایى خۆیدا، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدادی لەبارەی مووچە و نەوتەوە پەسەندکرد و بڕیارى ناردنى مووچەى مانگى پێنجی دا.
پێشتر، بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە زوومى راگەیاند، ئامادەکارییان بۆ دابەشکردنى مووچە کردووە، هەرکات بەغداد پارە بنێرێت راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
