کۆمیسیۆن: 771 هەزار کەس ناویان بۆ سەر سندوق تۆمارکردووە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە 771 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ کارمەندی سەر سندوق تۆمار کردووە.
هەینی 18ـی تەممووزی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە پێی نوێترین ئامار، تا ئێستا 771 هەزار و 655 کەس، بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ناوی خۆیان بۆ کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تۆمار کردووە.
کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند: زۆرینەی ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار کردووە وەک کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن.
هاوکات باسی لەوە کرد، زۆرترین کەس لە پارێزگای نەینەوا خۆیان تۆمار کردووە کە ژمارەیان 76 هەزار و 713 کەسە و کەمترین کەسیش لە پارێزگای موسەننایە، ژمارەکەش 15 هەزار و 719 کەسە.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.
