شوێنى هەڵدانى درۆنەکانى سەر کێڵگە نەوتیەکان ئاشکرا کرا

دوێنێ
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە هەموو ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەى بەکارهێنراون یەک جۆرن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی لایەنی ئەنجامدەر یەک لایەنە.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو درۆنەکان لە دەرەوەی عێراق دروستکراون، بەڵام سەلمێندراوە هەڵدانەکانى لە شوێنێکی دیاریکراو لە ناو خاکی عێراقەوەیە.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، لیژنەیەکى تایبەتیان پێکهێناوەو ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لەم کارە تێوەگلاون، و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادگای دادپەروەری عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا بگەن بە سزای خۆیان.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە
لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، تایبەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا ئەفسەرانی باڵا و پسپۆڕ لەخۆبگرێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ژمارەیەک شوێنی ڕاداری سەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراقی کردە ئامانج، لەڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ لە یەک کاتدا، کە سیستەمی بەرگری لە چەند بنکەیەکی سەربازی لە ناوخۆی وڵاتدا کردە ئامانج، دوای هەوڵە ئەمنی و هەواڵگری و تەکنیکییە جڕەکان، لێکۆڵینەوەکان گەیشتنە ئەنجامی گرنگ و یەکلاکەرەوە، دیارترینیان:
- دەستنیشانکردنی سەرچاوەی دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون، دەرکەوت سەری جەنگی بە کێشی جیاواز لەخۆدەگرێت و لە دەرەوەی عێراق دروستکراون.
- دەستنیشانکردنی وردی شوێنی هەڵدانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، کە سەلمێندرا لە شوێنێکی دیاریکراو لە ناو خاکی عێراقەوەیە.
- دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە ئەنجامدان و هەماهەنگیکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانە.
- ئەنجامدانی شیکارییەکی تەکنیکی گشتگیر بۆ سیستەمەکانی کۆنترۆڵ و پەیوەندییەکان کە لە کارپێکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بەکاردەهێنراون، ئەمەش وایکرد دەزگا هەواڵگرییەکان بتوانن زانیاری ورد کۆبکەنەوە کە پشتگیری لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.
- لیژنەی لێکۆڵینەوە پشتڕاستی کردەوە کە هەموو ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییانەی لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون لە یەک جۆرن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی لایەنی ئەنجامدەر یەک لایەنە.
لەسەر بنەمای ئەوەی پێشکەشکراوە، سەرکردایەتییە ئەمنی و سەربازییەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە سازش لە هیچ هەڕەشەیەک ناکەن ئاسایش و سەلامەتی هێزە چەکدارەکانمان و تواناکانی دەوڵەتی عێراق بکاتە ئامانج، هەروەها ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لەم کارە تێوەگلاون، و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادگای دادپەروەری عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا بگەن بە سزای خۆیان.
ئەم هێرشە دوژمنکارانە و ترسنۆکانە، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری نیشتیمانی دادەنرێت و ڕێگە نادرێت هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یا دەرەکی ئاسایش و سەقامگیری عێراق تێکبدات.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
