ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق راپۆرتێك دەدات بە وەزارەتی دارایی

20 كاتژمێر لەمەوپێش
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری عێراق، ڕایدەگەیەنێت شاندە تەكنیكیەكەی عێراق بەدواداچونەکانی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆژانە تەنها (31)هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکات، لەبری ئەو (230)هەزار بەرمیلەی کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە.
لە ڕاپۆرتی لیژنەکەدا هاتووە، بەهۆی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان، هەرێمی کوردستان تەنها توانای بەرهەمهێنانی 81 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، (50)هەزار بەرمیل نەوتی بەرھەمھێنراو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ بەکاردێت، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ)وە دەتوانێت ڕۆژانە تەنها (31)هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لەبری ئەو (230)هەزار بەرمیلە.
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق راپۆرتێک دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەیان بۆ روون دەكاتەوە.
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی بە (58)فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج، بەمەش کۆمپانیا نەوتییەکان ناچاربوون بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆرێک لە کێڵگەکان رابگرن و بەرهەمهێنانی نەوت لەهەندێکی دیکە کەم بکەنەوە.
