دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ لەسەر دوو دۆسییەی تایبەت لەبارەی هەرێمی كوردستان كۆببویەوە، سكاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ى مانگى حەوت، دانیشتنى دادگای فیدراڵی عێراق، لەبارەی دوو دۆسییەی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكەمیان دۆسییەی داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، دووەمیشان دژی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سكاڵاكاران داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەکەن.
لەدانیشتنەکەدا، دادگای فیدراڵی سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە، عومەر گوڵپی یەکێک لەسکاڵاکارەکان لەوبارەیەوە وتى: دادگای فیدراڵی بە پاساوی ئەوەی سکاڵاکە لە پسپۆڕی ئەوان نییە رەتیکردەوە.
سکاڵاکانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن عومەر گوڵپی و فراکسیۆنی نەوەی نوێ تۆمارکرابوون.
سكاڵای یەكەم لەلایەن عومەر گوڵپیەوە لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، داواكار داوای بڕیارێك بۆ پوچەڵكردنەوەی دانیشتنی یەكەم لە ١٢/٢/٢٠٢٤ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات.
پێشتر عومەر گوڵپی، كە یەكێكە لە سكاڵاكارەكان لەوبارەیەوە ڕایگەیانجبوو پەرلەمان پەیڕەوی ناوخۆ و ئەركەكەی تەواو نەكرد و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ئەنجام نەدرا، وتى: بۆیە داوامانکرد بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بدرێت، هەروەها داوای گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەی، كە (٩٧) كاندیدی براوە بۆ پەرلەمان بەدەستیان هێناوە بەهۆی سوێند خواردنیانەوە، چونكە ئەمە دەوڵەمەندكردنێكی ناڕەوایە.
ئەو سكاڵاكارە داواش دەكات كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پابەند بكرێت، بۆ ئامادەكاری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە زووترین كات.
دوێنێش دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو سكاڵای لەبارەی نادەستوری بوونی گرێبەستەكانی ئەم دواییەی حكومەتی هەرێم لەكەرتی غاز لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان رەتكردەوە.
سكاڵای یەكەم لەلایەن باسم غەنیمەش ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانەوە تۆماركرابوو لەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری سامانە سروشتییەكان، كە تێیدا داواكرابوو دادگا بڕیار بدات لەسەر نادەستوری بوونی گرێبەستەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بۆ وەبەرهێنان لە كێڵگە غازییەكانی (میران و تۆپخانە و كوردەمیر) و پوچەڵكردنەوەیان، رێگریكردن لە هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەر گرێبەستێك لە داهاتوودا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد.
