سبەی لیژنەی هاوبەشی هەرێم و عێراق دوا بڕیار دەدەن

7 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە سبەی سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان لیژنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەردوولا کراوە، بەڕێوە بچێت.
لە بارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق پەیوەستە بەو پابەندیانە، کە لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ هاتووە.
هەروەها ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، ئەو دوو لیژنەیەی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم پێکهێنراوە، سبەی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی هەناردە کردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی دەکەن، بەڵام دوای هەناردەی نەوتی هەرێم، حکوومەتی فیدراڵ مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەممووز ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
هەر لەبارەی لێکتێگەیشتنی نوێی هەرێم و بەغدا، محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە کۆبوونەوە سبەی سێشەممە کرد و گوتی: کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان هەیە، کە لیژنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بە ئامانجی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێم، کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێدراوە، ئامادە دەبن.
گوتیشی: لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار دراوە، هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ بکات و لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکرێت، هاوکات 120 ملیار دیناریش لە داهاتی نانەوتی ڕادەست بکات.
ڕاشیگەیاند، دوای جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە و ڕادەستکردنی نەوت و داهات، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە تەواوی دەنێردرێت. گوتیشی: چاوەڕوان دەکەین لە کۆبوونەوەی هاوبەشی سبەی بگەینە چارەیەک.
