وتەبێژی هەسەدە: چەکەکانمان دانانێین ئەوە مەحاڵە

10 كاتژمێر لەمەوپێش



وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە پرسی ڕادەستکردنی چەک لە ئێستادا مەحاڵە، و ئامادەنین دایبنێین یاخود ڕادەستى بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات دەکرێت بە رێککەوتنێکی دەستوری ببینە بەشێک لە سوپای سوریا.

ئەبجەر داود وتەبێژى هەسەدە بە میدیا کوردییەکانی ڕاگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە بەردەوامەکانی سووریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانمان چەکەکانیان ڕادەست بکەن".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هەسەدە دەتوانێ لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دەستورییەوە پەیوەندی بە سوپای سوریاوە بکات کە دان بە تایبەتمەندی پێکهاتەی کوردیدا بنێت".

داود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەسەدە لەگەڵ شەڕدا نییە، بەڵکو لە هەر شوێنێک ئامادە بێت بەرگری لە گەلەکەی دەکات".

لەلایەکى دیکەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەم مانگەدا ڕایگەیاند، واشنتۆن داواکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ خۆبەڕێوەبەری ڕەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو دەکات کە یەک سوپا و یەک دەوڵەت و یەک گەل بێت.

دوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا، لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سویدا، هێزەکانی پاراستنی گەل، زیاتر لە یەکە سەربازییەکانی خۆیان بۆ ناوچەی بەرکەوتن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لادێکانی پارێزگای حەلەب و لادێکانی باکور و ڕۆژئاوای پارێزگای دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.

 لە 10ی ئازارى ئەمساڵدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چەکدارە کوردەکان دەخرێنە ناو هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ڕاگوزەرەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بە فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگەکانی نەوت و گازیشەوە کە دەکەوێتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی نوێی دیمەشقەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار